Accessibility links

ئەکتەرێکی ناوداری تایلاند گوناهبار دەکرێت


خانمە ئەکتەرێکی ناوداری تایلاندی کە یەکێکە لە کەسایەتییە بەناوبانگەکان و پشتیوانی لە بزووتنەوەی دیموکراسیخوازی گەلی تایلاند دەکات بە سوکایەتیکردن بە سیستەمی پادشایەتی وڵاتەکە گوناهبار دەکرێت.

ئینسێرا سای چیرۆنپێرا، ئەمڕۆ دووشەممە، پاش ئامادەبوونی لەبەردەم پۆلیسدا گوناهبار کراوە بە سوکایەتیکردن بە سیستەمی پادشایەتی وڵاتەکە هەرچەندە لە کۆڕ و کۆبوونەوە گشتییەکاندا بە ئاشکرایی هیچ لێدوانێکی دژایەتیکردنی نەداوە بەرامبەر دامەزراوە پادشاییەکانی وڵاتەکە.

لەوەتای خانم سای پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی تایلاند دەکات، ڕووبەڕووی ستایش و ڕەخنەش بۆتەوە بەهۆی پشتیوانییەکانی و هەروەهاش کۆکردنەوەی پارە بۆ ئەم بزووتنەوە دیموکراسیخوازەی وڵاتەکەی کە خوێندکاران ڕێبەرایەتی دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە ئەم ئەکتەرە ناودارە لەگەڵ 7 ڕێبەری تری خۆپیشاندانەکان لە بنکەیەکی پۆلیس لە بانکۆک ئامادە دەبن و لەوێش گوناهبارکراون بەوەی یاساکانی شکۆمەندیی پادشایان پێشێلکردووە.

گەر ئەم گوناهبارکردنەیان لەسەر پشتڕاست کرایەوە، ئەوا هەر بەپێی ئەو یاسایە دەشێت لە 3 تا 15 ساڵ زیندان بکرێن بە تاوانی سوکایەتی و بێڕێزیکردن بە پادشا و ئەندامانی بنەماڵەکەی.

خۆپیشاندەرانی ئەم شەپۆلی ناڕەزاییەی لە تایلاند هەیە، 3 داوای سەرەکییان هەیە، یەکەمیان دەست لە کار کێشانەوەی سەرەک وەزیری وڵاتەکە، وەک دەڵێن هەڵبژاردنەکەی بۆ ئەو پۆستە ناڕەوا بووە، دووهەمیشیان چاکسازیکردنە لە دەستوردا و تا بکرێتە دەستورێکی دیموکراسیانە و سێهەمیشیان داواکردنی چاکسازییە لە سیستەمی پادشایەتی وڵاتدا.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا، ڕێبەرانی خۆپیشاندانەکان سەنگییان خستۆتە سەر سیستەمی پادشایەتی تایلاند و ئەمەش یەکێکە لە دۆسێ هەرە هەستیارەکان. زۆرێک لە تایلاندییەکان ڕێزێکی گەورە بۆ پادشایەتی وڵاتەکەیان دادەنێن و وەهاش لێی دەڕوانن کە "نابێت دەستکاری دامەزراوەکانی پادشایەتی وڵات بکرێت، لە ڕوانگەیەوەی بە دڵ و گیانی وڵات دادەنرێت."

XS
SM
MD
LG