لە دوکانێکی تایبەت بە فرۆشتنی دیارییەکان لە شاری ڕیاز لە عەرەبستانی سعودیە، درەختی کرسمس و ڕازاندنەوە بە ڕوناکی دەبینرێت، ئەمەش دیمەنێکە چەند ساڵێک لەمەوبەر لە وڵاتێکی کۆنەپارێزی وەک عەرەبستانی سعودیەدا، تەنانەت بیرکرنەوەش لێی قورس بوو.
بەڵام پاش پەیمانەکانی موحەمەد بن سەلمان، شازادەی تاج تا شانشینەکەی بکاتە وڵاتێکی میانڕەو و ئازاد لە هزرە توندڕەوەکان، ئیتر قۆناغ بە قۆناغ ئەو کۆت و بەندە کۆمەڵایەتیانەی هەبوون بەرەو هێوربوونەوە دەچوون.
لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە، مەڕاسیمی ئاینەکانی تر قەدەغە بووە و تەنها ڕێگە بە مەڕاسیمە ئاینییەکانی ئیسلام دراوە.
لەو کۆگایەدا، بێجگە لە درەختەکانی کرسمس (جەژنی لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیح) جلوبەرکی بابەنۆئێل و گڵۆپە ڕەنگاوڕەنگەکانیش دەفرۆشرێن.
بەر لە 3 ساڵ، فرۆشتنی ئەو کەرەستانەی تایبەتن بە ڕۆژی کرسمس لە عەرەبستانی سعودیەدا، شتێکی ئەستەم بوو، بەڵام کاتێک کە ڕۆڵی "ئەنجومەنی فرمانی چاکە و ڕێگەگرتن لە خراپە" سنوردار کرا ئەوجا ئێستا درەختی کرسمس لە عەرەبستانی سعودیە دەبینرێت.
ئەم ئەنجومەنە ئەرکی چاودێری ئاینییە و زۆر جاریش لەناو سعودیەکاندا بە پۆلیسی ئاینی ناودێر دەکرێت.
دەیان ساڵە خەڵک بە نهێنی پێدوایستییەکانی کرسمسیان دەکڕی و کریستیانەکانی خەڵکی لوبنان و فلیپین و وڵاتانی تریش کە لە عەرەبستانی سعودیە کاردەکەن، لە پشت دەرگای داخراوەوە، یان لەو شوێنانەی خەڵکی بیانی لێ دەژین، ئاهەنگی ڕۆژی لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیحیان دەگێڕا.
میر موحەمەد بن سەلمان، شازادەی تاج، لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، ژمارەیەک چاکسازی لە وڵاتەکەیدا کردووە، لەوانە ڕێگەدان بە ئاهەنگی موزیک و کردنەوەی هۆڵی سینەما و شانۆکان و مۆڵەتدان بە ژنان بۆ هاژوشتنی ئۆتۆمبێل.
عومەر، خاوەنی ئەو کۆگایە لە شاری ڕیاز دەڵێت لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی شازادەی تاجدا، توانیویەتی جلوبەرگی تایبەتی ڕۆژی هاڵەوینیش بفرۆشێت.
واشنتۆن، عەرەبستانی سعودیەی لە لیستی ڕەشی ئەو وڵاتانەدا داناوە کە پێشێلکاری ئازادی ئاینی دەکەن.
ئەو وڵاتانەی ئازادییە ئاینییەکان زەوت دەکەن، بە بەرنامە و بە شێوەیەکی بەردەوام پێشێلی ئازادییە ئاینییەکان دەکەن، یان چاو لەو پێشێلکردنانە دەپۆشن.