Accessibility links

ئەندام پەرلەمانێکی ئەفغانستان دەکرێتە ئامانجی هێرشێک


دیمەنێکی شوێنی تەقینەوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی کابوڵ-ئەفغانستان

9 کەس دەکوژرێن لە ئاکامی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکدا لە کابوڵ پایتەختی ئەفغانستان.

دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان دەڵێن زیاتر لە 15 کەسیش بریندارن.

لەوەتای چەند مانگ لەمەوبەرەوە، هێرشەکان بۆ سەر کابوڵ زیادیان کردووە، هەرچەندە دانوستاندنی ئاشتی نێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەو وڵاتە لە ڕۆژی یەکی مانگی 9وە لە دۆحە، پایتەختی قەتەر دەستی پێکردووە.

کاربەدەستان دەڵێن ئەو هێرشەی ئەمڕۆ یەکشەممە، خان موحەمەد وەردک، ئەندامی پەرلەمان، کرابووە ئامانجی هێرشەکە و برینداریشە.

وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان بە پەیامنێرانی وتووە "تەواوی کوژراو و بریندارەکان لەو هێرشەدا خەڵکی سیڤیلن."

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان لۆمەی ئەم هێرشەی خستۆتە ئەستۆی وەک دەڵێت "تێرۆریستان" و ئاماژەشی بەوە کردووە کە ژن و منداڵیش لەنێو قوربانییەکانی هێرشەکەدان.

کاربەدەستێکیش لە وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان دەڵێت "تەقینەوەکە زۆر بەهێز بووە و زیانێکی گەورەشی لە خانوبەرەی دەوروبەری شوێنی تەقینەوەکە داوە لە گەڕەکەکانی ڕۆژئاوای کابوڵ.

ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "دوژمنانی ئەفغانستان هێرشیان کردۆتە سەر خان موحەمەد. ئەم هێرشانە بۆسەر دامەزراوە سیڤیلییەکان، دەرفەتی ئاشتی دەخاتە مەترسییەوە."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵ، هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان ڕانەگەیاندووە، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی بەرپرسیارێتی خۆی لە ژمارەیەک هێرشی خوێناوی ڕاگەیاندووە کە بوونەتە مایەی کوژرانی زیاتر لە 50 کەس و برینداربوونی سەدان کەسیش.

داعش بەرپرسیارطی خۆی لە هێرشە موشەکییەکانیش بۆسەر کابوڵ ڕاگەیاندووە.

ئەم دواترین هێرشەی ئەفغانستان، دوابەدوای تەقاندنەوەی ماتۆڕسایکلیك بووە لە هەرێمی غەزنە کە 15 منداڵی تایدا کوژران و زیاتر لە 20 منداڵیش برینداربوون.

ئەو هێرشەی غەزنە کە لە کاتی گردبوونەوەیەکی ئاینیدا ڕوویدابوو، کاربەدەستانی وڵاتەکەش لە ئەستۆی تاڵیبانیان نابوو. تاڵیبانەکانیش نکوڵییان کردوە لەوەی ئەو هێرشەیان کردبێت.

لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە تا مانگی نۆ، زیاتر لە 2100 کەس کوژراون و زیاتر لە 3100 کەسیش برینداربوون لە ئاکامی توندوتیژییەکانی ناو ئەفغانستان، بەپێی ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کابوڵ.

XS
SM
MD
LG