Accessibility links

ئەڵمانیا و فینلاند ژمارەیەک لە خێزانەکانی داعش دەگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان


دیمەنێکی ئۆردوگای ئەلهۆل
دیمەنێکی ئۆردوگای ئەلهۆل

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایدەگەیەنێت وڵاتەکەی کاروباری گەڕاندنەوەی 3 ژن و 12 منداڵی ڕێکخستووە لە ئۆردوگاکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

هایکۆ ماس دەڵێت هۆکاری مرۆیی لە پشت گەڕاندنەوەی ئەو ژن و منداڵانەوەن، بەڵام ناسنامەکانیانی ئاشکرا نەکردووە.

میدیای ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کردووە ئەو 3 ژنە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چوونەتە سوریا بۆ بوون بە ئەندام لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامیدا.

ماس دەڵێت "هەست بە ئاسودەیی دەکەم بۆ گەڕاندنەوەی منداڵەکان و سیان لە دایکەکانیان."

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە لێدوانەکانیدا ئاماژەشی بەوە کردووە، گەڕانەوەی ئەو 3 ژن و 12 منداڵە بە هاوکاری و ڕێکخستن بووە لەگەڵ وڵاتی فینلاند.

فینلاندیش 6 منداڵ و 2 ژنی گەڕاندۆتەوە.

هایکۆ ماس دەڵێت " گەڕاندنەوەی منداڵەکان کارێکی مرۆڤانەیە بەتایبەتیش کە نەخۆشییان هەیە، و ئەم هەواڵەش بەر لە جەژنی کرسمس، متمانە و دڵنیاییمان دەداتێت کە دەتوانین گەڕاندنەوەی زیاتریش ڕێکبخەین."

دوابەدوای لێدوانەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، دادپارێزی گشتی وڵاتەکەش ڕایگەیاندووە لە فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت، ژنە هاوڵاتییەکی ئەڵمانیایی بە ناوی لیۆنرا ئێم دەستگیر کراوە و دەشڵێت لیۆنرا تاوانبارە بە ئەندامێتی لە داعشدا و هەروەهاش بە ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.

سەدان ئەوروپایی کە زۆربەیان گەنجن لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەوروپایان جێهێشتووە و پەیوەندییان کردووە بە تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە تا بەشداری لە شەڕەکانی ناو سوریا و عێراقدا بکەن.

زۆربەی ئەو ئەوروپاییانەی پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە، کوژراون و بەشێکیشیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا و کورد و عێراقییەوە دەستگیرکراون. هەر یەکێکیش لەم لایەنانە دەیانویست ئەو دەستبەسەرکراونە بنێرنەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام حکومەتەکانی وڵاتانی ئەوروپا دوودڵ بوون لەوەی توندڕەوانی داعش وەربگرنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت ئەو ژن و منداڵانەی گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵاتەکە لە هەردوو ئۆردوگای ئەلهۆل و ڕۆژ دەستبەسەربوون لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئەو دوو ئۆردوگایە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی خۆسەری کوردەوە بەڕێوەدەبرێن لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام وەک ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆشێتد پرێس دەڵێت "لەو ئۆردوگایانەدا، خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان کەمن و نەخۆشی تیایاندا بڵاون و هەروەهاش یاسایان تیادا نین."

لە ئۆردوگای ئەلهۆل، زیاتر لە 60 هەزار کەسی سوریایی و عێراقی و بیانی (خەڵکی وڵاتانی ڕۆژئاوا) تیایدا دەستبەسەرن و زۆربەشیان ئەندامانی خێزانەکانی داعشن. بەڵام ئۆردوگای ڕۆژ، بچوکترە و زۆربەی دەستبەسەرکراوەکانیش خەڵکی بیانی و هەروەهاش ئەندامانی خێزانەکانی داعشن.

لە مانگی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی کورد لە سوریادا ڕایانگەیاند دەست دەکەن بە ئازادکردنی نزیکەی 25 هەزار دەستبەسەرکراوی سوریایی لە ئۆردوگای هۆل و ڕێگەشیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، وەک دەڵێن "ئەگەر ویستیان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان."

XS
SM
MD
LG