Accessibility links

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی: لایەنە عێراقیەکان لەژێر فشاری شەقامدان، ڕازی نابن وەکو جاران بودجە بە هەرێم بدرێت


ڕزگار حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئاماژە بەوەدەکات هەڵوێستی لایەنە عێراقیەکان بەراورد بە ڕابردوو، بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گۆڕاوە، چونکە بارودۆخی عێراق گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لایەنەکان فشاری شەقامیان لەسەرە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، سەبارەت بە ڕۆیشتنی شاندێکی حیزبەکەی بۆ لای لایەنە عێراقیەکان، دەڵێت"شاندی یەکێتی بۆ داکۆکیکردن لە مافی خەڵک ڕۆیشتووەتە بەغدا، تا یاسای بودجەی عێراق لەگەڵ مافەکانی خەڵکی هەرێمدا یەکبگرێتەوە."

بەرپرسەکەی یەکێتی، ڕوونیکردەوە بارودۆخی عێراق گۆڕاوە و عێراق لەبەردەم هەڵبژاردندایە، پەرلەمانتاران وەکو ڕابردوو، گوێڕایەڵی کوتلەکانیان نابن، چونکە فشاری شەقام و خۆپیشاندەرانیان لەسەرە و دەڵێت "دوای تێپەڕاندنی یاسای قەرز بێ ڕازیبوونی کورد، ئەو بڕوایە لای لایەنە عێراقیەکان دروستبووە، دەبێت هەرێم پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکانەوە و داهاتی نەوت و نیوەی داهاتە ناوخۆییەکانی ڕادەستی عێراق بکات."

زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی، ئاماژە بەوەدەکەن ئەو لایەنە عێراقیانەی پێشتر دۆستایەتیان لەگەڵ لایەنە کوردیەکاندا هەبووە، ئێستا گۆڕانکاری بەسەر هەڵوێستەکانیاندا هاتووە، تەنانەت دەوترێت هەرێم زۆربەی دۆستەکانی لە عێراق لەدەستداوە، لەو بارەیەوە ڕزگار حاجی حەمە دەڵیت "ئێمە وەکو یەکێتی بۆ ئەوە چووینە بەغدا، تا ئەو دۆستایەتی و پەیوەندیانەی پێشتر مام جەلال هەیبوو، زیندووی بکەینەوە، چونکە پێش کۆنگرە پەیوەندیەکان وەکو پێویست نەمابوون."

جەختیشیکردەوە"لایەنە عێراقیەکان لە ژێر فشاری شەقامن، وەکو ڕابردوو ڕازی نابن، بودجە بۆ هەرێم بنێرن، هەرێمیش پابەند نەبێت بە ڕێککەوتنەکانەوە."

پێشتر بەرپرسانی یەکێتی هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتنیان کردبوو، گەر تا کۆتایی ئەمساڵ هەرێم و بەغدا نەگەنە ڕێککەوتن، بەڵام ڕزگار حاجی حەمە دەڵێت "ئێمە کە تا سەری ساڵ کاتمان دیاریکربوو بۆ حکومەتی هەرێم، مەبەستمان ئەوەبوو پەلە بکرێت بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق، خۆشبەختانە شاندێکی هەرێم بەسەرپەرشتی کاک قوباد لەبەغدایە، هەموو لایەنەکان و تەنانەت سەرۆکی حکومەتیش، دەسەڵاتی تەواویان داوەتە کاک قوباد بۆ ڕێککەوتن، پشکی هەرێمیش لە بودجەی عێراق بە ڕێژەی 12,67 دیاریکراوە."

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، پێیوابوو ئەو شاندەی بۆ ڕێککەوتن ڕەوانەی بەغدا کراون، لەسەر بنەمای کاریگەری و لێهاتوویی ئەرکی دانوستانیان لەگەڵ بەغدا پێ سپێردراوە، وتی"دەبێت سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتیش پشتگیری قوباد تاڵەبانی بکەن، چونکە بەئەرکێک ڕۆیشتووەتە بەغدا، پەیوەندی بە مافەکانی هەرێمەوە هەیە."

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:09 0:00


XS
SM
MD
LG