Accessibility links

ڕەهەندە ئابووری و سیاسیەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە عێراق و هەرێم


تا دێت بەهای دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی، لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەرزتر دەبێتەوە، بەجۆرێک بەهای 100 دۆلار گەیشتووەتە 139 هەزار دیناری عێراقی و بەردەوامیش هەڵکشان و داکشان دەکات، لەکاتێکدا پێشتر بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بوو بە 120 هەزار دینار.

هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و نا جێگیربوونی بازاڕی دراو لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ پلانێکی وەزارەتی دارایی عێراق و بانکی ناوەندی دەگەڕێتەوە، کە بۆ دەربازکردنی عێراق لە قەیران، دەیانەوێت بەهای دۆلار بەرز بکەنەوە.

گوڵاڵە سدیق چاودێری بواری ئابووری، پێیوایە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی، ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو، بەرنامەی بۆ دانراوە و لەنێو بانکی ناوەندی عێراق دا تاوتوێکراوە، دەڵێت"حکومەتی عێراق دەمێکە نیازی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلاری لەبەرامبەر دینار هەیە، هۆکاری ئەمەش بۆ نزمی نرخی نەوت و ڕێگریکردن لە گەورەتربوونی قەبارەی قەرزەکان دەگەڕێتەوە، بەتایبەت فرۆشی نەوت کە عێراق پشتی پێدەبەستێت، داهاتەکەی بە دۆلارە."

بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، پێشتر بانکی ناوەندی عێراق ڕۆژانە لە ڕێگەی چەند کۆمپانیایەکەوە بڕێکی زۆر دۆلاری دەخستە بازاڕەوە، هەر 100 دۆلاری بە نزیکەی 119 هەزار دینار دەدا بەو کۆمپانیایانە، بەڵام قۆرخکاری کۆمپانیاکان و فرۆشتنەوەی دۆلار بە نرخێکی گران، وایکرد 100 دۆلار لە بازاڕدا بەرامبەر بێت بە 125 هەزار دیناری عێراقی.

گوڵاڵە سدیق، ئاماژەی بەوەکرد لە سەردەمی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیدا، بانکی ناوەندی عێراق، ڕۆژانە بڕێکی زۆر پارەی دەخستە بازاڕەوە، بەشێوەیەک هەفتانە خۆی دەدا لە یەک ملیار دۆلار، ئەمەش گومانی بردنە دەرەوەی ئەو پارەی لێکەوتەوە، چونکە 20%پارەکە لە بازاڕەکانی عێراق دا ساغ دەکرایەوە، وتی"گومان دەکرا پارەکە بۆ ئێران ببرێت، چونکە ئێران لە قەیرانێکی سەختتدایە و بەهای دۆلار لەو وڵاتە بەرز بووەتەوە، بۆیە ئەو وڵاتە دەیویست لەڕێگەی عێراقەوە دراوی قورس بەدەست بهێنێت، بەڵام کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، خستنەبازاڕی دۆلاری کەمکردەوە."

ئەو چاودێرەی بواری ئابووری، باسیلەوەشکرد بانکی ناوەندی ڕۆژانە دۆلار بە سێ بانکی ئەهلی دەفرۆشێت، کە هەر سێ بانکەکە سەر بە باڵێکی شیعەن و سودمەندن لە بازرگانیکردن بە دۆلارەوە، بەتایبەت تا ئەم ساتەش، 100 دۆلار بە 118,400 لە بانکی ناوەندی وەردەگرن، کەچی ئەو بانکانە دەیدەن بە بازرگانەکان و بە ئارەزووی خۆیان لە بازاڕدا دەیفرۆشن، وتی" هەفتەی ڕابردوو، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق، دانی بەوەدا نا، لەیەک ڕۆژدا ئەو بانکانە، نزیکەی بیست و حەوت ملیار دینار قازانجیان کردووە و زیانیان لە حکومەت داوە."

سەبارەت بە کاریگەری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک، گوڵاڵە سدیق ئەوەی خستەڕوو عێراق و هەرێمی کوردستان وڵاتێکی بەکاربەرن و زۆربەی کاڵاکانیان لەدەرەوە بۆ دێت، مامەڵە بازرگانیەکان بە دۆلار دەکرێن، بۆیە کاتێک موچەخۆری عێراقی نەک هەرێم، چونکە لەهەرێم شتێک نەماوە بەناوی موچەوە و حکومەت بە ئارەزووی خۆی و هەرجارە و بەبڕێک دەیدات، بەڵام موچەخۆری عێراق، گەر ملیۆنێک دینار موچەکەی بێت، کە دەیکردە 830 دۆلار، ئەوا بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، ئەو موچەیە دەکاتە 600 دۆلار، کەواتە ئۆتۆماتیکیەن موچە کەمکراوەتەوە، وتی" گەر جاران موچەخۆر بیتوانیبا بای 800 دۆلار شت بکڕێ، ئێستا دەتوانێت بای 600 دۆلار بکڕێت، کەواتە هەم بازاڕ لەسەر موچەخۆر گران دەکرێ، هەمیش موچەکەی کەمکراوەتەوە، بۆیە ئەمە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر ژیانی موچەخۆران."

هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە، هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار، تەنها ڕەهەندی ئابوری و ناوخۆیی نیە، بەڵکو ڕەهەندی سیاسی و نێودەوڵەتیشی هەیە، بەو پێیەی ئێران لە ڕێگەی بازاڕەکانی عێراقەوە دۆلاری دەست دەکەوێت، لەو ڕووەوە گوڵاڵە سدیق وتی"گەر بڕیارەکەی عێراق هاندانی ئەمەریکاشی تیا نەبێت، تا دۆلار بگاتە 160 هەزار دینار، عێراق خۆی ناچار دەبوو دەستی بۆ ببردایە، بەڵام گەر بڕیارەکە ڕەهەندی سیاسیشی هەبێت، پێناچێت بڕیارێکی سەرکەوتوو بێت، چونکە عێراق ئابووریەکەی داڕووخاوە، گەر دینارەکەشی بەها لەدەست بدات، هێندەی تر، ژیانی خەڵک خراپتر دەبێت."

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:07:06 0:00


XS
SM
MD
LG