Accessibility links

ڕێبەری باڵای ئێران دووبارە لە ناو خەڵکدا دەردەکەوێتەوە و لە لێدوانێکدا هێرش دەکاتە سەر ئەمەریکا


ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی ڕێبەری باڵای ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە یەکەم دەرکەوتنی گشتیدا پاش چەند هەفتەیەک، باسی ئەمەریکای کرد و گوتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا تەنانەت لەگەڵ هاتنەسەرکاری بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردرایشدا هەر بەردەوام دەبێت لە دوژمنایەتی لەگەڵ ئێڕاندا.

خامەنەئی پاش دەنگۆی بڵاو بوونەوەی تێکچوونی باری تەندروستی لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئەمە یەکەم دەرکەوتنی گشتییەتی و دەرکەوتنەکەشی قۆستەوە بۆ لێدوان لەسەر ئەمەریکا و لەو بارەوە گوتی "واشتتۆن ناتوانێت شوێنی متمانە بێت". لە لێدوانەکەیدا دوودڵی نیشاندا بەرامبەر بە سیاسەتەکانی داهاتووی بایدن.

خامەنەئی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوبەرانی مەڕاسیمی تایبەت بە یەکەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی کە لە بە هۆی هێرشێکی ئەمەریکاوە لە عێراق کوژرا، ڕایگەیاند "دوژمنایەتی ئەمەریکا لەگەڵ تەواو بوونی بەڕێوبەرایەتی ترامپ دا کۆتایی پێنایەت."

خامەنەئی لە لێدوانەکەیدا کە لە ڕێگای تەلەفزیۆنی حکومەتییەوە بڵاو بوویەوە، وتی "ئامۆژگاری من ئەوەیە هەرگیز متمانە بە دوژمن نەکەن".

ئەو گوتیشی: "دوژمنایەتی ئەمەریکا دژ بە ئێران تەنیا تایبەت بە ئەمەریکای سەردەمی ترامپ نییە کە هەندێک پێیان وابێت بە ڕۆێشتنی ئەو کۆتایی پێدێت، لەبەر ئەوەی ئۆباماش کاری خراپی بەرامبەر نەتەوەی ئێران کرد."

بایدن جێگری سەرۆک کۆمار ئۆباما بوو.

دەرکەوتن و لێدوانەکەی خامەنەئی دوای بڵاو بوونەوەی دەنگۆی تێکچوونی باری تەندروستی ناوبراوەوە بوو کە پێی خستوەتە تەمەنی 81 ساڵییەوە.

چەند ئاژانسێکی دەنگوباس بە ئاماژەدان بە تویتی ڕۆژنامەنووسێک بە زمانی عەرەبی کە دەڵێت خامەنەئی بەهۆی باری تەندروستییەوە ئەرکەکانی بۆ کوڕی گواستووەتەوە، ئەم دەنگۆیان بڵاو کردبووە.

خامەنەئی لە ساڵی 1989 ەوە وەک سەرکردەی باڵا، جڵەوی ئێرانی گرتوەتە دەست و بڕیاردەری سەرەکی هەموو پرسەکانی وڵاتی ئێرانە. باری تەندروستی ناوبراو چەند ساڵێکە بووە بە بابەت و شوێنی گۆمان.

پێشتریش حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران سەبارەت بە ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو دڵخۆشە ترامپ لە پۆستەکەیدا نامێنێت و بە "بێ یاساترین سەرۆکی ئەمەریکا" و "بکوژ" ناوی بردبوو. وەک دەڵێت بەهۆی ئەوەی ڕێگری لە ئێران دەکات دەستی بە ڤاکسینی کۆڤید-19بگات.

ڕۆحانی لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا بۆ کابینەکە وتی "ئێمە زۆر دڵخۆش نین بە هاتنی بەڕێز بایدن، بەڵام دڵخۆشین بە ڕۆیشتنی ترامپ، بکۆژێکی لەو چەشنە کە تەنانەت لە ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆناش خۆش نابێت."

ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتۆن دەڵێت سزاکان دەرمان و کاڵا مرۆییەکان ناگرێتەوە.

بەڵام سنووردارکردنی بازرگانی و چالاکییە داراییەکانی ئێران هەندێک بانکی بیانی لە مامەڵە داراییەکان لەگەڵ ئێراندا پاشگەز دەکاتەوە و ڕێیان لێدەگرێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەم دواییانە سزای نوێی سەپاندەوە بەسەر دامەودەزگاکانی ڕژێمی ئێراندا. پاش سەپاندنی ئەو سزایانە ستیف منوچن وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە دەمی سەپاندنی ئەو سزایانەدا گوتی "دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژ لەلایەن ئێرانەوە هەڕەشەیەکە بۆ سەر دراوسێکانی و تەواوی جیهان، بۆیە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێکی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی کیمیایی کە لەوانەیە ڕژێمی ئێران یان گروپە بەکرێگیراوەکانی بەکاری بهێنن."

و هەر لەم مانگەدا وەزارەتی درەوەی ئەمەریکا نێوی ئێرانی لە لیستی ئەو وڵاتانەدا هێشتەوە کە بەردەوامن لەسەر پیشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپەیۆ لە بەیاننامەکەی هەفتەی ڕابوردوویدا ڕایگەیاند ئەو وڵاتانە بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەردەوام و بەرچاو، مافی ئازادی ئایینی پێشێل دەکەن.

XS
SM
MD
LG