Accessibility links

کاردانەوەکان لەسەر سوڕانەوەی چەند فڕۆکەیەک بەسەر ئاسمانی هەولێر و دەوروبەری


فڕین و سوڕانەوەی چەند فڕۆکەیەک بە نزمی بەسەر ئاسمانی شاری هەولێر و دەوروبەری بۆتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی لای بەشێک لە هاووڵاتیان کە دەڵێن شەوی ڕابردوو تا بەرەبەیانی بە کاتی خۆجێهی ئەو فڕۆکانە بەبەردەوامی سوڕاونەتەوە.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە ئەحمەد وشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە کرد، ناوبراو سەبارەت بە فڕین و سوڕانەوەی ئەو فڕۆکانە بەسەر ئاسمانی هەولێر بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی" ئەسڵەن ئەو بابەتە پەیوەندی بە هەولێر و فڕ ۆکەخانەی هەولێرەوە نییە، پەیوەندی بە دەسەڵاتی بەغداوە هەیە ژووری هەماهەنگی هاوبەشە شتێکی لەو بابەتەیە، بەپێی زانیاری خۆم ئەوە ئۆپەراسیۆنی خۆیان بوو هی هێزەکانی هاوپەیمانان." هەروەها دەشڵێت " دوێنی هەتا سێی شەو تلیفۆنی زۆرم بۆ دەهات لەسەر ئەم بابەتە بەڵامئێمە فڕۆکەخانەی مەدەنین هی سەربازی نین و ئەو فڕۆکانەش لە فڕۆکەخانەی هەولێر نە هەستانە و نە نیشتوونە و تاوەری ئێمەش نەیتوانی تەحدید بکات چونکە لە مەداری زەوی دەسوڕانەوە مەدارێکی دەرەوەی مەداری ئێمەبوو کە جۆڵەی دەکرد، خەڵکێکی زۆر گلەیی دەکرد ڕوونکردنەوەی دەویست لەسەر ئەو بابەتە بەڵام هیچ زانیاری و داتایەکمان لا نەبوو کە بیاندەینێ."

ليوا محەمەد سابیر شرۆڤەکاری سەربازی سەبارەت بەو جۆرە ئۆپەراسیۆن و سوڕانەوەی فڕۆکانە لە کاتی شەودا بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی" دوێنێ شەو گوێم لە دەنگی ئەو فڕۆکانە بوو بەڕای من ئەوە زیاتر فڕۆکەی دیدەوانی پێی دەڵێن دیارە ئەمەریکا هەستی کردووە شتێک هەیە جموجۆڵێکی سەربازی هەیە یان هێرشێک هەیە لەمدوایەی کە بینیمان ئەو هەموو ڕاگەیاندنەی دژ بە یەکتر لە لایەن ئەمەریکا و ئێران، لە لایەکی تریشەوە مناوراتی سەربازیە چونکە هاوپەیمانیەکی نێودەوڵەتی هەیە لەلایەن تورکیا و ئیسرائیل و ئەمەریکا لە ناوچەکە و هەروەها مەترسی داعشیش هەیە لەناوچەکە بنکەی داعش زۆرن لەناوچەکە بەتایبەتی لە ناوچەی مەخمور و لە هەندێک جێگای موسڵ دەتوانین بڵێین بۆ چاودێری ئەو گرووپانەیە بۆ ئەوەی کە هەر هێرشێکی ناکاوبێت بتوانن چارەسەر بکەن."

بەشێکی زۆر لە خەڵکی شاری هەولێر و دەوروبەری نیگەران و هەراسان بوون بەهۆی دەنگی سوڕانەوەی ئەو فڕۆکانە بەسەر ئاسمانی ناوچەکانیان.

مامەیارە ئەحمەد ڕۆژنامەنووس لە هەولێر سەبارەت بە بارۆدۆخی ناوچەکە و خەڵکی لەکاتی سوڕانەوەی ئەو فرۆکانە وەها بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" مایەی نیگەرانی و بێزاریەکی زۆر بوو ژاوەژاوێکی زۆری دروستکردبوو حساب بۆ هەستی مرۆڤ و تەندروستی مرۆڤ و ئەو بەهایانەی مرۆڤ نەکرابوو کە حسابی بۆ دەکرێت لە هەموو وڵاتێک، ئێمە وێڕای ئەوەی سەروەریمان نییە بەهاکانی مرۆڤایەتیش لێرە حسابی بۆ ناکرێت ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیش نەدراوە تا خەڵک بزانێت و خەڵکێکی زۆر هەراسان بووە هەستدەکەین هیچ شتێکت بەدەستەوە نییە نە زەوی نەئاسمان، دەرونی مرۆڤیان شێواند ئەو چەند کاتژمێرە."

ئەو فڕۆکانە وەک خەڵکی ناوچەکە باسی لێوە دەکەن نەک تەنها بەسەر ئاسمانی نێو شاری هەولێر دەسوڕانەوە بەڵکو لە چواردەوری ناوچەکەش سوڕانەوەیان هەبووە.

هونەر مزوری خەڵکی شارۆچکەی پیرمامی سنوری پارێزگای هەولێرە بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" لە پیرمان بووم تا سێ و نیوی شەو دەنگێکی زۆر بێزارکەری هەبوو دیاربوو کە فڕۆکەی چاودێری بوون و دەنگێکی تا بڵێی بێزارکەری هەبوو چونکە نەیهێشت بخەوین و دەمانویست سود لەوە بکەین بخوێنینەوە بەڵام دەنگەکە ئەوەندە نزیک بوو نەمانتوانی خوێندنەوەش بکەین بەپێی ئەو دەنگە سوڕانەوەکانیان بازنەیی بوو دیاربوو کە فڕۆکەی جەنگی بوون."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:27 0:00



XS
SM
MD
LG