Accessibility links

بۆکۆ حەرام هەڕەشە لە کریستیانەکان دەکات


وێنەیەکی تێرۆریستانی بۆکۆ حەرام-ئەرشیف
وێنەیەکی تێرۆریستانی بۆکۆ حەرام-ئەرشیف

ڕێکخراوی بۆکۆ حەرام لە نایجیریا بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشەی ڕۆژانی پشووی هەفتە ڕادەگەیەنێت کە کرابووە سەر شارۆچکەیەک لە وڵاتی نەیجەری دراوسێی نایجیریا.

لەو هێرشەدا 27 کەس کوژراون و خەڵکێکی زیاتریش بریندارن و ڕاپۆرتیش لەسەر دیارنەمانی خەڵک دراون لە گوندی تۆومۆر لە هەرێمی دیفا، بەپێی لێدوانی کاربەدەستێکی خۆجێیی.

گەواهدەران و کاربەدەستانیش ئەو هێرشەی درەنگانێکی ڕۆژی شەممەیان پشتڕاست کردۆتەوە کە چەند کاتژمێرێک پێش هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممەی شارەوانی و ناوچەکانی وڵاتی نەیجەر بووە.

بۆکۆ حەرام، لە تۆمارێکی 3 خولەکیی ڤیدیۆییدا دەڵێت " دەمانەوێت بە جیهان ڕابگەیەنین کە بەرپرسیارین لە هێرشەکەی کراوەتە سەر ناوچەی دیفا لە کۆماری نەیجەر."

ئەو ئەندامەی بۆکۆ حەرام، بە جلوبەرگی سەربازییەوە دەرکەوتووە لە تۆمارە ڤیدیۆییەکەدا و دەمامکی کردبوو و بە زمانی هەوسا دەدوا، کە زمانی گشتی ناوچەکەیە، لە قسەکانیشیدا دەڵێت "بە پشتیوانی و یارمەتی خودا ئەم هێرشەمان کردووە."

ئەم ڕێکخراوە پەیمانی داوە بەر لە جەژنی کرسمس (جەژنی لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیح) هێرشی زیاتر بکاتە سەر کریستیانەکان.

کاربەدەستانی خۆجێیی دەڵێن هەندێک لە قوربانییەکانی دیفا بە گوللە کوژراون و بەشێکیشیان لەناو ماڵەکانی خۆیاندا سوتێنراون و دەشڵێن 800 تا 1000 ماڵ و بازاڕی شارۆچکەکە و ژمارەیەکی زۆری ماشێنیش بەهۆی ئاگرتێبەردانیانەوە وێران بوون.

دەیان هێرشبەر بە پیادە چووبوونە تۆومور و بە مەلە لە دەریاچەی چاد پەڕیونەتەوە و وەک کاربەدەستان ئاماژەیان پێکردووە هێرشەکەشیان 3 کاتژمێری خایاندووە و دەشڵێن لە سەرەتادا هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی سەرۆکی عەشرەت و تیرەکانی ناوچەکە، دەشڵێن توانیویەتی خۆی دەرباز بکات.

بۆکۆ حەرام بە ڕێکخراوێکی تێرۆریست ناودێر دەکرێت. لە ساڵی 2009دا یاخیبوونی خۆی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی نایجیریا دەستپێکرد و دواتر ئەو یاخیبوونەی فراوان کرد و وڵاتانی دراوسێی گرتەوە، نەیجەر و کامیرۆن و چاد.

لەو کاتەشەوە زیاتر لە 36 هەزار کەس کوژراون لە نایجیریا و هەروەها 2 ملیۆن کەسیش ناچاربوون زێدی خۆیان جێبهێڵن و قەیرانێکی مرۆییش لە ناوچەکەدا دروستبووە.

XS
SM
MD
LG