Accessibility links

ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ ئێراندا دوا دەخات


ڕێکخەران، کۆبوونەوەیەکی سەرەکییان لەسەر کارداری نێوان ئێران و ئەوروپا دواخست کە بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە دەستپێبکات.

بڕیاری دواخستنەکەش وەک ناڕەزایی دەربڕینە بەرامبەر لە سێدارەدانی ڕوحەڵا زام، کەسایەتی ئۆپزسیۆنی ئێران.

وەهاش بڕیاربوو ئەو کۆبوونەوە 3 ڕۆژیەی "کارداری ئەوروپا ئێران" بە وتاری وەزیری دەرەوەی ئێران و بەڕێوبەری سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا دەستپێبکات و بە دواشیدا وتاری ژمارەیەک لە باڵیۆزەکانی یەکێتی ئەوروپا، بەڵام لەسێدارەدانی زام مشتومڕێکی زۆری لەسەر ئەگەر و نەگەری ئەم کۆبوونەوە گەورەیە دروستکرد.

هاشتاگی #بایکۆتی کارداری ئەوروپا ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا بڵاوکرایەوە و ژمارەیەک چالاکوانیش بە ئاشکرایی دژایەتی کردنی ئەو کۆبوونەوەیەیان کردووە.

کۆمیتەی ئامادەکار، بڕیاری دواخستنی کۆبوونەوەکەی داوە وەک لە ڕاگەیەندراوی ئامادەکاراندا نوسراوە.

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە "کاردارانی ئەوروپایی و ئێرانی هێشتاش شییانێکی زۆری بەها و گرنگی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی دەبینن لە نێوان هەردوو لادا." هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هیوا خواستراوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا دوای ئەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیبووی " لەسێدارەدانی دڕندانەی زام جێی قایل بوون نییە." باڵیۆزی فەڕەنسا بۆ تاران و هەروها باڵیۆزەکانی ئەڵمانیا و نەمسا و ئیتالیا، بەشداریی خۆیان هەڵوەشاندەوە لەو کۆبوونەوەیەدا.

کریستیان بەک، بەڕێوبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا، ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردۆتەوە کە باڵیۆزەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا ناکەن.

زام ڕۆژی شەممە لەسێدارە درا، پاش ئەوەی دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو سزای مردنەی وەک خۆی هێشتەوە لەسەر زام بەهۆی ئەو ڕۆڵەی لە خۆپیشاندانەکانی زستانی 2017 و 2018دا هەیبووە، ئەمە بێ لەوەی ژمارەیەک تاوانبارکردنی تریشی خرابووە سەر.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە باڵیۆزەکانی ئەڵمانیا فەڕەنسای بانگکردبوو و یاداشتی ناڕەزایی پێدابوون لەسەر ئەو ئیدانەکردنەی کردەی لەسێدارەدانی زام.

دواخستنی کۆبوونەوەی کارداری ئەوروپا و ئێران، گورزێکە بە ڕووی ئەوانەی داوای پەرەپێدانی تێکەڵبوون لەگەڵ ئێراندا دەکەن لە ڕێی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە.

XS
SM
MD
LG