Accessibility links

دروستکردنی "حەشدی کوردی" لە کەرکوک نیگەرانی لێدەکەوێتەوە


دروستکردنی هێزێکی حەشدی شەعبی لەلایەن ژمارەیەک لە دانیشتوانی کوردی کەرکوک، کاردانەوەی حیزب و لایەنە کوردیەکانی لێدەکەوێتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو هێزە ئاماژەبەوەدەکەن، دروستکردنی هێزەکەیان بۆ پاراستنی ناوچە کوردنیشینەکان، پێویستە.

ئەو هێزەی حەشدی کوردی کە بڕیارە پێکبهێنرێت، لەلایەن ئەفسەرێکی پێشووی پێشمەرگەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ئەوان سورن لەسەر پێکهێنانی هێزەکەیان، یەکێتی و پارتیش بەهەنگاوێکی مەترسیدار ناویدەبەن.

ئەدهەم جومعە یەکێک لە سەرپەرشتیارانەی ئەو هێزەی حەشدی کوردی کە بڕیارە لەکەرکوک پێکبهێنرێت، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هێزە کوردیەکان بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ پاشگەزکردنەوەمان، بەڵام بەدیل و چارەسەریان بۆ دۆخی خراپی کورد لەکەرکوک پێ نیە."

ڕوونیشیکردەوە، ئامانج لە دروستکردنی هێزی حەشدی کوردی لە کەرکوک، بۆ پاراستنی ناوچە کوردیەکانە لە هێرش و پەلاماری داعش، لەگەڵ چەند هۆکارێکی تر، وتی" تورکمان و عەرەب هێزی حەشدیان هەیە، تەنها کورد نیەتی."

هەوڵدانی بەشێک لە کوردەکانی کەرکوک بۆ دروستکردنی هێزی حەشدی کوردی لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی، لەکاتێکدایە تورکمانە شیعەکانی کەرکوک لە قەزای خورماتو و ناوچەکانی باشوری کەرکوک، خاوەنی هێزی حەشدی تورکمانین، هەروەها بەشێک لە عەرەبەکانی ڕۆژاوای کەرکوکیش، حەشدی عەرەبیان پێکهێناوە.

گەر پێکهێنانی حەشدی کوردی لەکەرکوک سەربگرێت، ئەوکات سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی دا دەبنە خاوەن هێز، بەڵام گرفتەکە مەترسی دروستبوونی پێکدادانە لەنێوان ئەم هێزە ئەجێندا جیاوازانەدا، لە حاڵەتی ڕوودانی بارگرژی نەتەوەییدا لەو ناوچەیە.

ڕەوەند مەلا مەحمود ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لەکەرکوک، ڕەتیکردەوە هیچ ڕاوێژێک بە حیزبەکەی کرابێت بۆ پێکهێنانی حەشدی کوردی لەکەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئێمە ئاگاداری ئەو هێزە نین، قسەی جدیشمان هەیە، هەستەکەین دەستێکی دەرەکی هەیە، دەیەوێ ئەم بابەتە لەکەرکوک بسەپێنێت."

وتیشی"کەرکوک حەشدی تورکمانی و حەشدی عەرەبیشی تێدایە، دروستکردنی حەشدی کوردیش کارێکی باش نیە، دەبووایە ئەو حەشدەکانی تر لەکەرکوک ببرایەنە دەرەوە."

پێکهێنانی حەشدی کوردی لە کەرکوک، ناڕەزایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانیشی لێکەوتووەتەوە، بە تایبەت ئەم هێزە لە دانوستاندایە بۆ بردنەوەی بارەگای حیزبەکەی بۆ کەرکوک، بۆیە کەمال کەرکوکی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/ گەرمیان ی پارتی، ئەو کوردانەی بە "خیانەتکار" ناوبرد کە دەچنە پاڵ حەشدی شەعبی.

بەڵام ئەدهەم جومعە، داوا لە لایەنە کوردیەکان دەکات ئارام بگرن و تۆمەتباریان نەکەن، بەڵکو چاوەڕوانی هەنگاوەکانی هێزەکەیان بکەن، وتی" هێشتا سەرەتایە، کۆمەڵێک کورد دەیانەوێ لە حەشد دەوام بکەن، لایەنەکان پەلەن لە تۆمەتبارکردنیان."

پێکهێنانی حەشدی کوردی لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی دا، لەکاتێکدایە یەکێک لە داواکاریەکانی کورد لە حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک، بردنە دەرەوەی هێزەکانی حەشد و پێکهێنانی هێزێکی پۆلیسی هاوبەشبوو لە سەرجەم پێکهاتەکان.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:04:49 0:00


XS
SM
MD
LG