Accessibility links

دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ ڕوحوڵا زەم، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی پەسەند دەکات


ڕوحوڵا زەم

سیستمی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند کە دادگای باڵای ئەو وڵاتە سزای لەسێدارەدانی ڕوحوڵا زەم ڕۆژنامەوانی دیاری دژە حکومەتی پەسەند کردووە کە ساڵی ڕابردوو دەستگیر کرا.

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕۆژی سێشەممە 8 ی مانگی 12 ڕایگەیاند کە تۆمەتی سەرەکی لە دژی ڕوحوڵا زەم، بەڕێوەبردنی کەناڵی تێلێگرامی ئامەد نیوز (دەنگی گەل) بوو کە زیاتر لە ملیۆنێک خەڵک سەیری هەواڵەکانی دەکەن و ئەوان بە هاندەری توندوتیژی دەزانن لە کاتی خۆپێشاندانەکانی پاییزی ساڵی 2018دا.

وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی پرسیارێکدا ڕۆژی سێشەممە 8 ی مانگی 12 پشتڕاستی کردەوە کە دادگای باڵا بڕیارەکەی دادگای شۆڕشی کە لەسەر ئەو کەیسە دەرکرابوو، پەسەند کردووە .

ڕوحوڵا زەم کوڕی موحەمەد عەلی زەم، مەلایەکی دیاری شیعەیە لە ئێران وهەروەها باوکی یەکێک لە بەرپرسەکانی پێشووی کۆماری ئیسلامی بووە. ناوبراو لە ئێران هەڵاتبوو و پەنای بۆ فەڕەنسا بردبوو. کەناڵی تێلێگرامەکەی بە گشتی هەواڵی گەندەڵی و پێشێلکاری و هەواڵی خۆپیشاندان و گردبونەوەکانی خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕادەگەیاند.

سوپای پاسداران پاییزی ساڵی ڕابردوو دەستگیرکردنی زەمی ڕاگەیاند و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە ڕێگای چالاکییەکی بەهێزی ئاسایشەوە وایان کردووە کە ناوبراو بگەڕێتەوە وڵات و لەوێ دەستگیریان کردووە. زۆری نەخایاند کە دەرکەوت ڕوحوڵا زەم لە گەشتێکدا کە بۆ ئێراق کردوەیەتی، لەو وڵاتەدا دەستگیر کراوە و ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتەوە.

دوای دەستگیرکردنی ناوبراو هەندێک لە دانپێدانانە تەلەفزیۆنییەکانی ڕوحوڵا زەم لە تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو کرانەوە کە ئەو لە دادگا دانپیانانەکەی ڕەت کردەوە .

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەندین جار و لە چەند دۆسیەیەکی جیاجیادا پێشێلکاریە بەردەوام و دووبارەکانی ڕژێمی ئێرانی لە دژی هاوڵاتیانی ناو ئێران ئیدانە کردوە.

نێردەی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەمساڵ 7ی مانگی 10نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پێشێلکارییە بەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لەوانە دەرکردنی سزای سێدارە لە دادگا نادادپەروەرانەکاندا.

کێڵی کرەفت، لە لێدوانێکدا لە کۆمیتەی سێیەمی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکاندا وتی: ئەمریکا بە قووڵی نیگەرانی پێشێلکارییە بەرچاوەکانی مافی مرۆڤە لە ئێران، لەوانە ئەو سزانەی سێدارە کە دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و دانپێدانانی زۆرەملێ لە ڕێگەی ئەشکەنجەوە بە سەر زیندانییەکاندا دەسەپێت.

XS
SM
MD
LG