Accessibility links

لە خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستاندا دژ بە حکومەت، ٦ خۆپیشاندەر و پێشمەرگەیەک گیانیان لەدەستداوە


خۆپیشاندانەکان لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دژ بە حکومەتی هەرێم و دۆخی دارایی بەردەوامییان هەیە و لە شار و شارۆچکە جیاوازەکادا خۆپیشاندەران هەڵدەستن بە سووتاندنی بارەگا حزبی و حکومەییەکان و ماڵی بەرپرسەکان. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانی ئاشتییانە دەردەبڕێت، ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژە بە کاری "تێکدەرانه"‌ وەسف دەکات.

لە چەندین شار و شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستاندا و بەتایبەتیش لە پارێزگای سلێمانی، دژ بە دۆخی دارایی و نەبوونی مووچە، خۆپیشاندانەکان درێژەیان هەیە و خۆپیشاندەران بارەگا حزبی و حکومییەکان و ماڵی بەرپرسان دەکەنە ئامانج . لە بەرامبەردا هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕوویان دەبنەوە و هەوڵدەدەن ڕێگری بکەن لە بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر و هێزی ئەمنی گیانیانلەدەستداوە و برینداربوون.

لە هەریەک لە شار و قەزا و ناحیەکانی وەک چەمچەماڵ، پێنجوێن، سەیدسادق، شارەزوور، خورماڵ، تەکیە، کەلار و کفری خۆپیشاندان دژ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دۆخی دارایی بەڕێوەچوو و خۆپیشاندەران هەستان بە سووتاندنی بارەگا حکومی و حزبییەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و هێرشیانکردە سەر ماڵی چەند بەرپرسێک. بەهۆی پێکدادانی هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران، تاکو ئێستا گیانلەدەستدانی ٦ خۆپیشاندەر و پێشمەرگەیەک پشتڕاستکراوەتەوە، لەگەڵ برینداربوونی نزیکەی ١٠٠ کەس لە هەردوولا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە وتارێکی پێشکەش کرد و وتی کە ئەوان "لە کێشە و خەمەکانی هاوڵاتیان تێدەگەن و پشتیوانی خۆپیشاندانی ئاشییانە دەکەن."

فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مووچەی شەش مانگی ساڵی ٢٠٢٠یان وەرنەگرتووە و ئەو مووچانەش کە وەریانگرتووە بە بڕی نزیکەی ٢٠% لێیبڕاوە، ئەمەش دۆخی دارایی هاوڵاتیانی خراپتر کردووە.

مەسروور بارزانی وتیشی "ئەوەی دەگوزەرێت ئاژاوەگێڕێ و پلانگێڕییە و دەستی لایەنی دەرەوەی تێدایە بۆ تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستان."

لە ئێستادا هێزێکی زۆری ئەمنیی لەسەرجەم شار و شارۆچکەکاندا بڵاوەیان پێکراوە بۆ ڕێگری لە خۆپیشاندانەکان دژ بە حکومەت و لە چەندین ناوچەی جیاوازی پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانەکان بەردەوامییان هەیە.

XS
SM
MD
LG