Accessibility links

خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان و ئاراستەی نوێ


خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی هەرێمی کوردستان، کە چەندین شاروشارۆچکەی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ی گرتووەتەوە، بە جیاوازتر لە خۆپیشاندانەکانی ڕابردووی هەرێمی کوردستان لێیدەڕوانرێت، هەروەک زەنگێکی "مەترسیداریشە" بۆ حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسیەکان.

ماوەی چەند ڕۆژێکە خۆپیشاندان لە چەندین شاروشارۆچکەی هەرێم بەردەوامی هەیە، خۆپیشاندانەکان ژمارەیەک کوژراو و دەیان برینداریان لێکەوتووەتەوە، ژمارەیەک دام و دەزگای حیزبی و حکومی سوتێنراون، هێزێکی زۆری ئەمنیش بۆ بەرگرتن بە ناڕەزایەتیەکان بڵاوەیان پێکراوە.

بورهان محەمەد فەرەج پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی نیشتیمانی، پێشبینی ئاڵۆزتربوونی دۆخی هەرێم دەکات، گەر حکومەت بەزووترین کات وەڵامی بۆ خۆپیشاندەران نەبێت، دەڵێت"گەر پشێوی ئەمنی دروستبوو، مەترسی لەسەر هەموو کۆمەڵگا بە بەرپرس و غەیرە بەرپرس، تەنانەت مەترسی لە سەر قەوارەی هەرێم و حکومەت و پەرلەمانیش دروست دەبێت."

خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی هەرێمی کوردستان، لە زۆر ڕووەوە لە خۆپیشاندانەکانی پێشووتر جیاوازن، بەتایبەت ئەوانەی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، گەنجی خوارووی تەمەن 20 ساڵن و لەدەرەوەی توێژی فەرمانبەرانن، لەکاتێکدا زۆربەی خۆپیشاندانەکانی پێشووتر، زیاتر لەتوێژی فەرمانبەران بوون.

لە خۆپیشاندانەکانی پێشووتری فەرمانبەراندا، کەمتر پەنا بۆ توندوتیژی دەبرا، بەڵام خۆپیشاندەرانی ئەمجارە، باوەڕیان بە خۆپیشاندانی دوور لە توندوتیژی نیە، پێیانوایە خۆپیشاندانی مەدەنی، ئەنجامی نابێت و حکومەت گوێیان لێناگریت.

هادی حەمەڕەشید نوسەر و چالاکوان لە هەڵەبجە، ئاماژەبەوەدەکات لەچەند ساڵی ڕابردوودا، دەستەبژێری عاقڵ و خاوەن ئەجێندای زۆربەی ناوچەکانی کوردستان ناڕەزایەتیان دەربڕیووە، داوای چارەسەریان بۆ دۆخی هەرێم کردووە، بەڵام نەک گوێیان لێنەگیراوە، بەڵکو کاردانەوەی ناشیرینیشیان بەرامبەر نوێنراوە، دەڵێت"گوێ لە خەڵکی دیار و ڕاشکاو بگیرایە، ئێستا خەڵک بەڕوومەتی پێچراوەوە نەدەهات بۆ داوای ماف، گوێیان نەگرت، بۆیە دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە خوێن دەڕژێ."

خۆپیشاندەرانی ئەمجارەی هەرێمی کوردستان، هەموو حیزب و لایەنەکان بەبەرپرسیار دەزانن، بۆیە بارەگای هیچ لایەنێک لەو ناوچانە پارێزراو نیە، کە خۆپیشاندانیان تێدا ئەنجام دەدرێت، هەروەک داواکاری خۆپیشاندەران، داواکاری سیاسی نیە، بەڵکو داواکاریەکانیان زیاتر لە چوارچێوەی برسێتی و خراپی دۆخ و گوزەرانی خەڵکدایە.

خۆپیشاندەران سەرکردایەتیەکی دیاریکراویان نیە، تا گفتووگۆیان لەگەڵ بکرێت، هەروەک هەموو جۆرە دانوستان و گفتووگۆیەکیش لەگەڵ بەرپرساندا ڕەتدەکەنەوە، پێیانوایە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان پێویستی بە گۆڕانکاریە.

بورهان محەمەد فەرەج، ئەوەشی خستەڕوو هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە، خەڵک داواکاری هەیەو قەیرانەکان پێویستیان بە چارەسەرە، خەڵک وەزعی خراپە، دەبوو زووتر چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزرایەنەوە، وتی"هاتنە سەرجادەی خەڵک، بەهۆی بێ موچەیی و برسێتیەوەیە، کەواتە فشارەکان جدین."

خۆپیشاندانەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە لە خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە نزیکن، بەتایبەت هاوشێوەی عێراق، زۆرێک لە خۆپیشاندانەکان، دەمە و ئێواران دەست پێدەکەن، هەروەک هاوشێوەی عێراق، ماڵی چەندین بەرپرس کراونەتە ئامانج و سوتێنراون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:50 0:00


XS
SM
MD
LG