Accessibility links

بەریتانیا بە فەرمی هەڵمەتی کوتانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستپێدەکات


لە بەریتانیا کوتانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستیپێکرد. ژنێکی تەمەن 90 ساڵانی دانیشتووی خانەی بەساڵاچووان بە ناوی مارگرێت کینان یەکەم بەشی ئەو ڤاکسینەی وەرگرت کە بە هاوبەشی لەلایەن کۆمپانیای دەرمانسازی فایزەری بنکە لە ئەمەریکاو بایۆنتێکی ئەڵمانییەوە دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستکراوە.

ئەو ڕۆژەی کە لەلایەن وەزیری تەندروستی بەریتانیا مارک هانکۆک هاوشێوەی ڕۆژی سەرکەوتن لە جەنگی جیهانی دووهەم ناودێرکرا، هەفتەیەک پاش ئەوەی دەستپێکرد کە ئاژانسەکانی ڕێکخستنی دەرمانی سەر بە حکومەت بەکارهێنانی ڤاکسینەکەیان بۆ بەکارهێنانی دەستبەجێ پەسەند کرد، بەمەش بەریتانیا بوو بە یەکەم وڵاتی ڕۆژئاوا کە ئامادە بێت بۆ هەڵمەتی کوتانی دژ بە ڤایرۆسەکە.

پەسەندکردنی ڤاکسینەکەش پاش هەفتەیەک لە ڕاگەیاندنەکەی کۆمپانیای دەرمانسازی فایزەربوو کە گوتی لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوتووە ڤاکسینەکە لە %90 زیاتر کاریگەری هەیە.

مارگرێت کینان، ئەو ژنە 90 ساڵانەی کە یەکەم کەس بوو، یەکەم بەشی ڤاکسینی کۆرۆنا لە بەریتانیا وەربگرێت
مارگرێت کینان، ئەو ژنە 90 ساڵانەی کە یەکەم کەس بوو، یەکەم بەشی ڤاکسینی کۆرۆنا لە بەریتانیا وەربگرێت

مارگرێت کینان، کە هەفتەی داهاتوو تەمەنی دەبێتە 91 ساڵ، یەکێک بوو لە هەزاران دانیشتوانی خانەی بەساڵاچووان و ئەوانەی خزمەتیان دەکەن و ستافی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی بەریتانیا لەلایەن کاربەدەستانەوە هەڵبژێردران بۆ ئەوەی یەکەم بەشی ڤاکسینەکەیان لێبدرێت.

بەریتانیا 800 هەزار بەشی ڤاکسینەکەی فایزەر-بایۆنتێکی لە ڕۆژی یەکشەممە پێگەیشت، ئەمەش یەکەم بەش بوو لەو 40 ملیۆن بەشەی کە لە فایزەری کڕیوە. دانیشتوانی بەریتانیا 66 ملیۆنە. گواستنەوەی ڤاکسینەکە ئاڵۆزە بەهۆی ئەوەی کە دەبێت لە ساردکەرەوەی ژێر 70 پلەی سەدی هەڵبگیرێت.

هەتا ئێستا زیاتر لە 61 هەزار کەس لە بەریتانیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و لە ئەوروپادا بە خراپترین شێوە کاری لێکردووە.

حکومەت و دەزگا تەندروستیەکانی جیهان چاودێری بەرنامەی کوتانی بەریتانیا دەکەن بۆ ئەوەی تێبینی سەرکەوتن و شکستەکانی بکەن و پلانی خۆیان لەسەر ئەوە دابنێن. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش هیوادارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەست بە هەڵمەتی کوتان بکات. لە هەمان کاتیشدا دەسەڵاتدارانی بەریتانی تاوتوێی ئەو ڤاکسینانەی کە لەلایەن کۆمپانیاکانی مۆدێرنا و زانکۆی ئەسترازێنێکا - ئۆکسفۆردەوە دروست کراون دەکات .

ڕوسیاش لە ڕۆژی شەممە دەستیکرد بە کوتانی هەزاران پزیشک، مامۆستا و کەسانی تر لە دەیان بنکەی تەندروستی مۆسکۆ بە ڤاکسینی Sputnik V ی دروستکراوی ڕوسیایی کە لەم هاوینەدا پاش تاقیکردنەوەکانی لەسەر دەیان کەس لەو وڵاتەدا پەسەند کرا.

XS
SM
MD
LG