Accessibility links

فەیسەڵ ئەلعیساوی: لایەنە سیاسییەکانی بەغدا و هەولێر ڕژد نین لەسەر دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هیچ یەکێک لە کێشەکان


شاندێکی هەرێمی کوردستانی عێراق سەردانی بەغدای کرد، وەک دەگوترێت بۆ کۆبوونەوە و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ئاڵۆزیانەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدای سارد و سڕ کردووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی نێوەندی عێراقیش یەک لۆمەی ئەوی تریان دەکات بۆ سارد و سڕی پەیوەندییەکانیان.

فەیسەڵ ئەلعیساوی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی هاوپەیمانێتی ئەلنەسر وەک دەڵێت دۆسێی پەیوەندییەکان و گەیشتنی بەم ڕەوشەی ئێستای، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوای ساڵی 2003 و ڕوخاندنی ڕژیمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەین.

ئەلعیساوی دەڵێت "کێشەکان کەڵەکە بوون و توێژی سیاسی شکستی هێناوە لە چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکدا لە ساڵی 2003وە تا ئێستا و ئیتر ئەم کێشانەش زیاتر قوڵبوونەتەوە. کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستانی عێراق سەرەتا لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان و سنورەکانی هەرێمی کوردستاندا بوون، ئێستاش ئەم کێشانە وەک خۆیانن و ئاڵۆزتریش بوون چونکە گرفتی تریشی تێکەڵ بووە، لەوانە میکانیزمی کارکردن لەگەڵ دۆسێی نەوتدا و هەروەها دۆسێکانی تریش لە پەیوەندی بە بودجە و دارایی وڵاتەکەوە."

فەیسەڵ ئەلعیساوی، ئەندامی ئەو لیژنەیەشە کە پەرلەمانی عێراق دایناوە بۆ چاودێریکردنی ئەو ڕەوشەی لەناو پەرلەمانی عێراق و لە دەرەوەی پەرلەمانی عێراقیشدا هاتۆتە ئاراوە و بە تایبەتیش بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەبایی لەناو پەرلەمانی عێراقدا کاتێک کە بودجەی ساڵی 2021 دەنێردرێتە پەرلەمان.

پێشتر پەرلەمانی عێراق یاسای قەرزی پەسەند کرد بەبێ ئامادەبوون و ڕەزامەندی لایەنە کوردستانییەکان . ئەلعیساوی باسیش لەوە دەکات؛ ئەوەی جێی مەخابنە وەک دەڵێت "ئەو خواست و سووربوونەی بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان هەن لە بەغدا و لە هەولێر، خواست و سووربوونێکی ناجێگیرە و ڕاڕایی تیادایە."

بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا کێشەکان ئەوەندە سادە و لاوەکین کە خواست نەبێت بۆ چارەسەرکردنیان و وەک پرسگەلێکی ڕژد لێیان نەڕوانرێت، بە تایبەتیش کە هێشتاش مەترسی دروستبوونەوەی داعش و ڕێکخراوی تری هاوشێوەی داعش لە ئارادایە، ئەمە بێ لەوەی پەتای کۆرۆناش هێندەی تر عێراقی بردووە بە ناخی قەیرانەکاندا.
ئەلعیساوی ئاگاهیدەدات و دەڵێت "ئەگەر ئەو کێشە و ئاڵۆزییانە لە ئێستادا و بە خێرایی چارەسەرنەکرێن ئەوا دەشێت بگەنە بنبەست و بە زیانێکی زۆرەوە پاش پێکدادان دەبێت چارەسەربکرێن. پێویستە بەغدا و هەولێر بەرپرسیارێتییەکان لە ئەستۆ بگرن و خواستێکی ڕژدی سیاسیانەیان هەبێت بۆ نەهێشتنی بەربەست و تەگەرەکانی نێوانیان."

ئەم ئەندام پەرلەمانەی عێراق بە دووری نازانێت هەمان سیناریۆی ڕۆژی دەنگدان لەسەر بەرنوسی قەرزکردن لە ڕۆژی دەنگدانی بودجەدا دووبارە ببێتەوە و بەبێ نوێنەرانی کورد دەنگی لەسەر بدرێت و دەشڵێت "بە دووری نازانم بەرنوسی بودجە بەبێ کورد تێنەپەڕێندرێت، هیوادارم ئەوە ڕوونەداتەوە و ئەگەریش ڕوویدا ئەوا دەڵێین خۆزگە ڕووینەدایە."

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ فەیسەڵ ئەلعیساوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:30 0:00


XS
SM
MD
LG