Accessibility links

لە هەرێمی کوردستانی عێراق تەقە لە خۆپیشاندەران دەکرێت


دیمەنێکی خۆپیشاندان - ئەرشیف

گەنجێک بە گوللە دەکوژرێت هاوکاتی ئەو شەپۆلی ناڕەزاییەی لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت دژ بە دواکەتنی موچە.

خۆپیشاندان دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمەکە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا دەستیانپێکردووە، هاوکاتی بەرزبوونەوەی ئاستی توڕەیی و ناڕەزایی خەڵک بەهۆی دواکەوتنی چەند مانگی موچە و خراپ بوونی باری بژێوی خەڵکەوە.

خۆپیشاندەران لەبەردەم بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەروەها لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێمەکەدا ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن.

هێزە ئاسایشییەکانی پارێزگاری لە بارەگای لایەنە سیاسییەکان دەکەن لە شارۆچکەی چەمچەماڵ پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.

سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی ناوچەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئادەم یەحیا تەمەن 26 ساڵ کوژراوە و 2 هاوڵاتی تریش بریندارن. خۆپیشاندەران وەک کاردانەوە بەرامبەر بەو تەقەکردنانە ئۆفیسەکانی پۆلیس و دامەزراوەکانی تری حکومەت و ماڵی بەرپرسێکی حکومەتیشیان سوتاندووە.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە باس لەوەش دەکەن، هاوڵاتییەک لە شارۆچکەی کفری هاوکاتی خۆپیشاندانی خەڵکی شارۆچکەکە، تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاسایش بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، دەیان خۆپیشاندەر لە پارێزگای سلێمانی دەستگیر کراون.

لە کاتێکدا لەناو شارۆچکەکاندا ئاستی شەپۆلی ناڕەزایی بەرزترە بەڵام لەناو شاری سلێمانیدا گردبوونەوەی گەورە نابینرێت بەهۆی ئەو ڕێوشوێنە ئاسایشیانەی گیراونەتەبەر.

ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن، نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەسەر ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر دامەزراوە میدیاییەکان لە هەرێمی کوردستاندا و بەتایبەتیش بۆسەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزە ئاسایشییەکان پەلاماری کەناڵی ئێن ئاڕ تییان داوە و پەخش کردنی بەرنامەکانیان ڕاگرتووە، وەک ڕێبوار عەبدولڕەحمان بەڕێوبەری بەرنامەکانی ئێن ئاڕ تی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە.

ڕێبوار عەبدولڕەحمان دەڵێت "هێزە ئاسایشییەکان دەستیان گرتووە بەسەر هەندێک ئامێر و کەرەستەکانی ئێن ئاڕ تیدا و ژمارەیەکی تری ئەو ئامێرانەشیان تێکشکاندووە و دەشڵێت "ڕاگرتنی پەخشکردنی بەرنامەکانی ئێن ئاڕ تی، پێشێلکارییەکی بێ چەندوچوونی ئازادی ڕاگەیاندنە لە هەرێمی کوردستاندا."

بەگشتی دەزگاکانی میدیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەستراونەتەوە بە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانەوە. بزوتنەوەی نەوەی نوێ کە لایەنێکی ئۆپزسیۆنە لە هەرێمی کوردستان، خاوەندارێتی ئێن ئاڕ تی دەکات.

ئازادی ڕاگەیاندن پارێزراوە بەپێی ئەو یاسایەی لە ساڵی 2009دا لە هەرێم پەسەند کراوە و ئەوکاتە ڕێکخراوی فریدەم هاوس لە ئەمریکا وەها ناودێری دەکرد کە "ئازادییەکی بێ پێشینە بۆ ڕۆژنامەوانان دابین دەکات."

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان، نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕیوە لەسەر داخستنی ئێن ئاڕ تی.

ئیگناسیۆ میگوێل دێلگادۆ، نوێنەری سی پی جەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا دەڵێت "ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەیکەن، بۆتە شێوازی دەسەڵات جا لە سلێمانی بێت یان لە هەولێر و دهۆک." دەشڵێت "داخستنی ئێن ئاڕ تی بەهۆی ڕوماڵکردنی شەپۆلی ناڕەزاییەکانەوەیە کە لەسەر نەدانی موچە و کەمی خزمەتگوزارییەکانە."

XS
SM
MD
LG