Accessibility links

بەر لە کۆبوونەوەکەی یەکێتی ئەوروپا ئەردۆغان داوای دانوستاندن دەکات


سەرۆکی تورکیا داوای دانوستاندن دەکات لەسەر مافی گەڕان بەدوای سوتەمەنیدا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

ئەم داوایەی ئەمڕۆ دووشەممەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بەر لە چەند ڕۆژێکە لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ڕێبەرانی یەکێتی ئەوروپا کە دەشێت لەو کۆبوونەوەیەدا سزا بسەپێندرێتە سەر تورکیا.

ڕۆژی 5شەممە ڕێبەرانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل کۆدەبنەوە و وەهاش بڕیارە ئەوەی تورکیا کردوویەتی بۆ دۆزینەوەی گاز لە دەریادا تاووتوێ بکەن، لە کاتێکدا یۆنان و قوبرس کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپان ئەو گەڕانە بەدوای سوتەمەنیدا بە مافی خۆیان دەزانن.

سەرۆکی تورکیا لە پەیامێکدا دەڵێت "لەوبڕوایەداین دەتوانین کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکانی ئەم کێشەیە لەسەر یەک مێز چارەسەر بکەین، نەک لە ڕێی دوورخستنەوەی یەکتر."

ئەردۆغان هەر لەو پەیامەیدا دەڵێت "تورکیا بەو نەخشە و پلانانە قایل نابێت کە بە ئامانجی سنوردارکردنمانن لە کەنارەکانی ئەنتالیا." وەک ئاماژەیەک بەو سنورە دەریاییەی ئانکەرە دەڵێت وڵاتانی تر دەیانەوێت بیسەپێنن بەسەریدا.

لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی مانگی 10ی ڕابردوودا، ڕێبەرانی ئەوروپایی ئاگاهییاندا بە تورکیا یان ئەوەتا کەشتییەکانی گەڕان بە دوای سوتەمەنیدا دەکشێنێتەوە یان ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە.

لە کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوودا کەشتی عروج ڕەیس گەڕایەوە بەندەری تورکیا، لە مانگی 10شدا هاوکاتی کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ڕێبەرانی یەکێتی ئەوروپا، ئەو کەشتییە گەڕابووەوە بۆ بەندەری تورکیا. لە ئێستادا کەشتی بەربەروس خەیرەدین پاشا لە ئاوی کەناری باشوری دوڕگەی قوبرسدایە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکات تا خۆی لە "کوێربوونی ستراتیژی" ڕزگار بکات و یۆنان و قوبرس وەک ئامێرێک بەکارنەهێنن."

نیکۆس دندیاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان لە هەفتەی ڕابردوودا هەوڵەکانی تورکیای بۆ هێورکردنەوەی قەیرانەکانی وەها ناودێرکردووە کە "مایەی دڵنیایی نین." و هەروەها داواشی کردووە ڕێوشوێنی تایبەت بەرامبەر ئانکەرە بگیرێتەبەر.

تورکیا دەڵێت داکۆکی لە مافەکانی خۆی و تورکە جوداییخوازەکانی قوبرسدەکات لە بواری وزەدا، لە کاتێکدا ئەسینیا و نیقۆسیا جموجۆڵەکانی تورکیا بە پێشێلکاری لە سنوری ئاویی وڵاتەکانیاندا دادەنێن.

XS
SM
MD
LG