Accessibility links

پاپا سەردانی عێراق دەکات


وەها بڕیارە پاپا فرانسیس سەردانی عێراق بکات ئەگەر ڕەوشی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ڕێگە بدات.

ڤاتیکان لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا دەڵێت "بڕیارە پاپا فرانسیس لە مانگی سێدا ئەو سەردانەی عێراق بکات." لەوەتای زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەرەوە ئەمە یەکەمین ڕاگەیەندراوی ڤاتیکانە سەبارەت بە سەردانێکی پاپا بۆ دەرەوە.

ماتیۆ برۆنی، وتەبێژی ڤاتیکان دەڵێت سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ بەغدا لە ڕۆژی 5ی مانگی 3وە دەستپێدەکات تا ڕۆژی 8ی هەمان مانگ، دەشڵێت "سەردانەکەی پاپا بەغدا و ناوچەی ئور و هەولێر و موسڵ و قەرەقوش دەگرێتەوە."

برۆنی دەڵێت کارنامەی ئەم سەردانە چاوەڕوانکراوە لە وادەی خۆیدا بڵاو دەکرێتەوە و هەر پەرەسەندنێکیش هەبێت لە ڕەوشی نائاسایی جیهاندا لە پەیوەندی بە پەتای کۆرۆناوە، ئەوا بە هێند وەردەگیرێت.

ئەم سەردانەی پاپا فرانسیش لە مانگی 3ی ساڵی 2021دا بۆ عێراق یەکەمین سەردانی دەبێت پاش سەردانەکانی مانگی 11ی ساڵی 2019 بۆ تایلاند و بۆ ژاپۆن.

لە مانگی 12دا پاپا فرانسیس تەمەنی دەبێتە 84 ساڵ.

ڤاتیکان دەڵێت "پاپا بانگهێشتەکانی حکومەتی عێراق و کڵێسای خۆجێیی کاسۆلیکەکانی پەسەند کردووە."

XS
SM
MD
LG