Accessibility links

توندوتیژییەکانی باشوری یەمەن


پێنج کەسی هێزەکانی پشتێنەی ئاسایشی سەر بە ئەنجومەنی قۆناغی گواستنەوەی باشور کوژراون لە ئاکامی ئەو هێرشەی ژمارەیەک چەکدار کردویانە لە هەرێمی ئابین لە باشوری یەمەن.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئاسایشی، بڕوا وەهایە ئەو چەکدارانەی هێرشەکەیان کردووە، سەر بە ڕێکخراوە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدە بن.

بەرپرسانی ئاسایشی دەڵێن بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە چەکدارەکان هێرشیان کردۆتە سەر دەروازەی شاری لودر و دواتریش هێرشبەرەکان ڕایان کردووە بەرەو شوێنێکی نادیار.

سەرچاوە تەندروستییەکان لە شاری لودر ژمارەی کوژراوەکانیان پشتڕاست کردۆتەوە.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، تێرۆریستانی ئەلقاعیدە هیچ ڕاگەیەندراوێکیان بڵاونەکردۆتەوە لەسەر ئەو هێرشەیان.

هێزەکانی ئەنجومەنی گواستنەوەی باشور و هێزەکانی سەر بە حکومەتی یەمەن، پێکەوە دەخوازن کۆنترۆڵی باشوری یەمەن بکەن و هەروەهاش بەرەنگاری یاخیبووانی حوسییەکان ببنەوە لە باکوری یەمەن.

لە ساڵی 2014وە شەڕ ئەم وڵاتە هەژارەی نیمچە دووڕگەی عەرەبی وێران کردووە.

لە مانگی 8ی ڕابردوودا، چەکدارەکانی ئەلقاعیدە پزیشکێکی ددانیان کوشتووە بە تاوانی وەک دەڵێن "سیخوڕایەتی کردن بۆ حکومەتی یەمەن." هەروەهاش بەوەی زانیاری داوە بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ بۆردومانکردنی چەکدارەکانی ئەلقاعیدە لە هەرێمی بەیزا لە ناوەڕاستی یەمەندا. دواتر ئەلقاعیدە لەو هەرێمە بنکەیەکی تەندروستییان تەقاندەوە.

تۆڕە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدە، لاوازیی دەسەڵاتی نێوەندی یەمەنی بەکارهێناوە بۆ خۆ جێگیرکردن لە ناوچەکانی باشور و باشوری ڕۆژهەڵاتی یەمەن، ئەم ناوچانە بەهۆێ شەڕەکانەوە وێران و خاپوور کراون.

ئەمریکا، لقی ئەلقاعیدە لە نیمچە دوڕگەی عەرەب بە مەترسیدارترین لقی ئەلقاعیدە دادەنێت. واشنتۆن لەوەتای سەرەتای ساڵی 2017ەوە کە سەرۆک ترامپ چووە کۆشکی سپی، هێرشەکانی بۆسەر ئەلقاعیدە لەو ناوچەیەی جیهاندا زیاتر کرد.

لە مانگی 2 ڕابردوودا، لە ئاکامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لەناو یەمەندا، قاسم ئەلریمی، سەرکردەی لقی ئەلقاعیدە لە نیمچە دوڕگەی عەرەب کوژرا.

XS
SM
MD
LG