Accessibility links

ئاسایش ڕێگە لە کردنەوەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەگرێت


درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، هێزێکی ئەمنیی بە بێ بڕیاری دادوەر لە شاری سلێمانی هەڵدەکوتێتە سەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی. لە ئێستادا پەخشی کەناڵەکە وەستاوە، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوووتەوە و باسی لەوە کردووە کە ئەو کارە بە بڕیاری ئەوان کراوە.

کاتژمێر ٢:٣٠ی شەوی ڕابردوو، هێزێکی ئەمنیی کە گەواهدەران بە هێزی ئاسایشی سلێمانی ناساندنیان، چوونەتە سەر کەناڵی ئێن ئارتی، کەناڵەکەیان داخستووە، کۆمەڵێک ئامێریان بردووە و لە ئێستاشدا ڕێگا نادەن کەناڵەکە دەستبکاتەوە بە پەخش یاخود کارمەندەکان بڕۆنەوە ناو ئۆفیسەکانی کەناڵەکەوە.

لەسەر ئەم پرسە، کارمەندان و بەرپرسانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە بەردەم کەناڵەکەدا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان بەست و ئەم پێشهاتەیەیان ئیدانە کرد.

ڕێبوار عەبدولڕەحمان، بەڕێوبەری ژووری هەواڵی ئێن ئار تی، بە ناوی کەناڵەکەوە دوا ودەڵێت "ئەم بڕیارە کەناڵی ئێن ئاڕ تی ٢ کە کەناڵێکی خێزانییە، کەناڵ ئێن ئار تی ٣ کە کەناڵێکی منداڵانە و کەناڵی ئێن ئاڕ تی ٤ کە کەناڵێکی ئاینییە ناگرێتەوە، بەڵام ئەوەی مایەی سەرسامییە وە ئەیسەلمێنێت بڕیارەکە بڕیارێکی سیاسییە، ئەوەی کە ئەو کەناڵانەش بوونەتە قوربانی ئەم بڕیارە."

ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەننتەری میترۆ کە ئامادەبووی گردبوونەوەکە بوو، بۆ ڕاگەیاندنەکان باسی لەوەکرد "لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا لە پارێزگای سلێمانی، دەیان پێشێلکاری ئەنجامدراوە، هەر لە گرتنی ڕۆژنامەنووس بۆ ماوەی سەعات و دوو سەعات، شەقلێدان لە کچە ڕۆژنامەنووس، چوونە سەر کەناڵی ڕاگەیاندنی تریش، میدیای چەتر و، چەندین پێشێلکاری زەقی تر دژ بە ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە کوردستاندا. ئێمە وەک سەنتەری میترۆ بەیاننامەمان بڵاوکردووەتەوە و ئیدانەمان کردوون و داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە ڕێز لە ئازادی ڕۆژنامەوانی بگرێت."

بەپێی فەرمانێکی کارگێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، کە وێنەیەکی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، بڕیار بە ڕاگرتنی پەخشی ئێن ئار تی دراوه و تێیدا هاتووە "لەبەر پابەندنەبوونی کەناڵی ئێن ئاڕ تی بە ڕێنماییەکانی تایبەت بە ڕێکخستنی بواری میدیای بینراو و بیستراو، بەتایبەت هەڵسوکەوتی نابەرپرسانەی لەم کاتەدا کە دوورە لە یاسا و لۆژیک و پێچەوانەی ماددەی سێهەم\بڕگەی سێهەمە لە ڕێ‌نمایی ڕێکخستنی فرێکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان (ڕێنمایی مۆڵەتی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ)، دوای ئەوەی چەندین جار ئاگادارکراوەتەوە و لە ببێباکیان لە چەندبارەبوونەوەی ئەم پرسە، بڕیارماندا بە بە ڕاگرتی پەخشی کەناڵی ئێن ئار تی بۆ ماوەی یەک هەفتە."

ئەبوبەکر هەڵەدەنی، پەرلەمانتاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە دەڵێت "پێمان وایە ئەم کارانە گرفتەکان قووڵتر دەکەنەوە و ڕقی پەنگخواردووی خەڵک زیاتر تاو دەسێنێت، بەرامبەر بەم ڕێکارانە. ئەمەی ئەمڕۆ کراوە پێچەوانەی یاسا و دەستوور و بنەماکانی ڕادەربڕینە."

ڕەحمان غەریب باسی لەوەش کرد ڕەفتارە نەرێنییەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا بەرامبەر بە میدیا و ڕۆژنامەنووسان وای کردووە لە ماوەی دوو مانگدا زیاد لە شەش بەیاننامەی نێودەوڵەتیدا، ئیدانەی هەرێمی کوردستان بکرێت لە پرسی ئازادی ڕادەربڕیندا.

دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا پەیوەندی بکات بە وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە و ڕووکردنەوەی زیاتریان لێوەرگرێت لەسەر هۆکاری ڕاگرتنی پەخشی کەناڵەکە، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجامبوون و وەڵامی هیچكام له‌ پەیوەندییەکان نەدرایەوە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:13 0:00


XS
SM
MD
LG