Accessibility links

شیرین ئەمین: لەگەڵ گروپێک لەپەرلەمانتاران بۆ بەشداری لە خۆپیشاندانەکان بڕیار دەدەین


شیرین ئەمین ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، کە لەخۆپیشاندانەکەی ڕۆژی پێنجشەمەی پارێزگای سلێمانی دا، بەگازی فرمێسکڕێژ هێرشی کرایە سەر و بریندارکرا، ئاماژە بەوەدەکات گروپێک لەپەرلەمانتاران، بڕیاریانداوە بچنە نێو شەقام و بەشداری لە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا، دژ بە پێنەدانی موچەکانیان بکەن.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شیرین ئەمین کە هاوسەری ڕۆژنامەوانی تیرۆرکراو کاوە گەرمیانی یە، دەڵێت"گروپێکمان لە 37 پەرلەمانتار ڕاگەیاندووە، ئەم گروپە نەیهێشت کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بەردەوام بێت، چونکە کۆبوونەوەکان دووربوون لە داوا و خواستەکانی خەڵک، بەتایبەت لەم دۆخەدا، کە هەرێم گرفتاری قەیرانی داراییە و موچە نادرێت."

ڕوونیشیکردەوە، وەکو ئەو 37 پەرلەمانتارە، بڕیاریانداوە بەردەوام بن لەفشارەکانیان بۆ سەر سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت، بەشداری لە هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکیشدا دەکەن، لەهەر ناوچەیەکی کوردستان ئەنجام بدرێت، وتی"بۆیە وەکو چەند پەرلەمانتارێک بەشداری خۆپیشاندانەکەی سلێمانیمان کردووە، بەڵام کاتێک ڕۆیشتین، کوچە و کۆڵانەکان بە هێز تەنراون، ئێمەش ویستمان دەستپێشخەری بکەین، تاهێزە ئەمنیەکان ڕێگە بەخەڵک بدەن، داوای مافی خۆی بکات، بەڵام ئەوان ڕووبەڕوومان بوونەتەوە و هێرشیانکردە سەرمان."

بەپێی وتەی شیرین ئەمین ی پەرلەمانتار، لەلایەن خۆپیشاندەرانی سلێمانیەوە، توندوتیژی بەرامبەر هێزە ئەمنیەکان نەنوێنراوە، سەرای سلێمانیش کە خۆپیشاندەران هەوڵیانداوە لێی کۆببنەوە، هیچ بارەگایەکی حیزبی و حکومی لەنزیکی نیە، وتی"هێزە ئەمنیەکان دەستپێشخەریان کرد و گازی فرمێسک ڕێژیان بەڕووی خۆپیشاندەراندا ڕژاند، کە برینداربوونی ئێمە و چەندین خۆپیشاندەری تری لێکەوتەوە، دواجار نەمانتوانی لە ئامانجەکەمان بەردەوام بین، بەداخەوە هێزە ئەمنیەکانی هەردوو زۆنەکە، بەڕێنمایی حیزب دەجوڵێنەوە."

سەبارەت بە هۆکاری بەشداری نەکردنی هەر سی و حەوت پەرلەمانتارەکە لە خۆپیشاندانەکەدا، شیرین ئەمین ئاماژەی بەوەکرد دەبێت هەر پەرلەمانتارێک، گەر لەناوچەکەی خۆی خۆپیشاندان کرا، ئامادەگی هەبێت، تا پشتگیری شەقام بین.

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، شیرین ئەمین ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ڕوونیکردەوە بڕیارە ڕۆژی یەکشەمەی داهاتوو، وەکو سی و حەوت پەرلەمانتارە ناڕازیەکە کۆببنەوە، بڕیاربدەن، تا لەهەولێریش بجوڵێن، یاخود لە هەر کوچە و کۆڵانێکی کوردستان خۆپیشاندان کرا، پشتگیر و پشتیوان بن و لەگەڵیان بن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:43 0:00


XS
SM
MD
LG