Accessibility links

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت ئەحمەد ڕەزا جەلالی دەگوازرێتەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شار


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی لە زاری بنەماڵەی ئەحمەد ڕەزا جەلالیەوە ڕادەگەیەنێت ناوبراو بڕیارە ئەمڕۆ بگوازرێتەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شار. هەفتەی رابردوو بە ناوبراو گوترابوو بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی دەگوازرێتەوە بۆ ئەو زیندانە.

مەحمود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند "ئەحمەدڕەزا جەلالی لە مەترسی لە سێدارەدان نزیکە و تەنیا کاردانەوەی بەهێز و بەپەلەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەتوانێت ژیانی ناوبراو ڕزگار بکات."

هەروەها ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی داوای ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدانی ئەو پزیشکە دەکات و ڕایگەیاندووە پێی ئەو هەواڵانەی بەدەستیان گەیشتووە باس لەوە دەکرێت بڕیارە کاربەدەستانی ئێران ڕۆژی سێشەممە ناوبراو بگوازنەوە زیندانی ڕەجایی شار کە ئەمەش بە واتای نزیک بوونەوە لە جێبەجێکردنی سزاکەیەتی.

چەند ڕۆژ پێش ئێستاش ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی ڕاگەیاندنێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و گوتی مەترسی هەیە جەلالی لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا لەسێدارەبدرێت.

دیانا ئەلتەحاوی جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکای ڕێکخراوەکە گوتی داوا لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەن دەستبەجێ لە ڕێگای باڵیۆزخانەکانیانەوە لە تاران بێنەدەنگ بۆ ڕزگارکردنی ژیانی جەلالی.

ئەحمەد ڕەزا جەلالی کە لە ئنستتیوتی کارۆلینسکای پـزیشکی سوید کاری دەکرد، دەعوەتنامەیەکی فەرمی بۆ چووبوو لەلایەن زانکۆی تارانەوە، بەڵام لە کاتی ڕۆیشتنی بۆ ئێران لە 24 ی مانگی چواری ساڵی 2016 لەلایەن ئیتیلاعاتەوە دەستگیرکرا و پاشان بە تۆمەتی سیخوڕی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.

تاران جەلالی تۆمەتبار دەکات بەوەی زانیاری بە مۆسادی ئیسرائیل داوە لە بارەی دوو شارەزای ناوکی ئێران کە دواتر کوژراون. بەڵام جەلالی ئەو تۆمەتە بە توندی ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت بۆیە ئەو سزایەیان بۆ دەرکردووە چونکە ئامادە نەبووە لە ئەوروپا سیخوڕی بۆ تاران بکات.

XS
SM
MD
LG