Accessibility links

پەرلەمانی ئێران تاوتوێی پڕۆژە یاسای ڕاگرتنی پشکنینی ناوکی ئێران دەکات


ڕۆژی سێشەممە پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاسایەکی پێشکەش کرد بۆ کۆتاییهێنان بە پشکنینی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دامەزراوە ناوکییەکانی و داواش لە حکومەت دەکات کە پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی بەهێز بکات ئەگەر هاتوو ئەوروپاییەکان بە پێی ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 گەمارۆ نەوتی و بانکیەکانیان لە سەر ئێران لانەبرد.

دەنگدان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە، کە پێش ئەوەی یاسایی بێتەوە پێویستە بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕێت، پەرچەکردارێکە بەرامبەر بە کوژرانی زانایەکی دیاری ناوکی ئێران کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا لە ڕووداوێکی نادیاردا کوژرا. دووا بڕیار لەبارەی سیاسەتی ناوکی لە ئێران لای ڕێبەری باڵای وڵاتەکە ئایەتوڵا عەلی خامەنەئییە.

ئاژانسی سەر بە حکومەتی ئیرنا ڕایگەیاند 251 نوێنەری پەرلەمان لە کۆی 290 ئەندام دەنگیان بە پەسەند کردنی پرۆژە یاساکە داوە و دوای ئەوەش زۆر کەس دەستیان کرد بە هوتافدانی " مەرگ بۆ ئەمەریکا " و " مەرگ بۆ ئیسرائیل".

پڕۆژە یاساکە سێ مانگ دەرفەت بە وڵاتانی ئەوروپا دەدات بۆ ئەوەی سزاکانی سەر کەرتی سەرەکی نەوت و گازی ئێران لابات و دەستڕاگەیشتنیان بە سیستەمی بانکی نێودەوڵەتی ئاسایی بکاتەوە.

دوای ئەوەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا کشایەوە، سزای قورسی ئابووریشی رووبەڕووی ئەو وڵاتە کردەوە و ئەوەش بوو بە هۆی سەرهەڵدانی زنجیرەیەک هەڵکشان و ئاڵۆزی لە نێوان هەردوولادا.

پڕۆژە یاساکە ڕێگا بە کاربەدەستان دەدات بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 20 % کە ژێر ڕێژەی پێویستە بۆ چەکی ناوکی، بەڵام بەرزترە لە ڕێژەی پێویست بۆ پێداویستیە مەدەنییەکان. هەروەها دانانی سەنترفیۆجی نوێ لە دامەزراوە ناوکییەکانی نەتەنز و فۆدۆ.

عەلی ڕەبیعی گوتەبێژی کابینەی حکومەت ڕۆژی سێشەممە سنوورداربوونی کارێکی لەو شێوەیەی ڕاگەیاند و گوتی دۆسیەی ناوکی لە ژێر دەسەڵاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیدایە و " کەس ناتوانێت سەربەخۆ کاری لەسەر بکات . " حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە دەکات.

ئسڕائیل بە ئاماژەدان بە بەرنامەی مووشەکی بالستیکی تاران و توێژینەوە بۆ تەکنۆلۆژیای دیکە جەخت لە سەرئەوە دەکاتەوە کە ئێران بە نیازی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمییە. ئێرانیش لەمێژە دەڵێت کە بەرنامە ناوکییەکانی بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە.

ئێران ئیسرائیل تاوانبار دەکات بە کوشتنی فەخریزادە کە ماوەیەکی زۆرە شەڕی نهێنی هەڵکردوە لە دژی تاران و هێزەکانی سەر بەو وڵاتە لە ناوچەکەدا. بەرپرسانی ئیسرائیل ڕەتیان کردەوە لێدوان لەسەر کوشتنەکە بدەن و هیچ کەسێک بەرپرسیارێتی نەگرتووەتە ئەستۆ .

هەندێک لە بەرپرسانی ئێرانی پێیان وایە کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کە بە بەردەوامی لە ساڵانی ڕابردوودا وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ساڵی 2015 دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران دەپشکنێ، ڕەنگە سەرچاوەی هەواڵگری بۆ بکوژانی فەخریزادە بووبێت.

پێشتریش لە ڕۆژی شەمەدا ڕێبەری باڵای ئێران بەڵێنی دا تۆڵەی کوشتنی زانای ئەتۆمی بکاتەوە و هەروەها درێژە بە کارەکانی موحسێن فەخریزادە بدەن کە ڕۆژئاوا و ئیسرائیل پێیان وایە ئەندازیاری بەرنامە ناوکییە نهێنیەکانی ئێران بووە.

هەروەها حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێرانیش ڕۆژی شەممە لە کۆبوونەوەیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی، کە ئێران "لە کاتی گونجاودا" وڵامی خۆی دەداتەوە.

XS
SM
MD
LG