ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران، لێدوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەت دەکاتەوە، سەبارەت بەوەی ئەم ڕێکخراوە دەستی هەبووە لە کوشتنی موحسن فەخریزادە، زانای ئەتۆمی ئێراندا و بە کینە و درۆ ناودێریان دەکات.
موجاهیدینی خەڵق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "گوناهبارکردنی موجاهیدین بە کوشتنی پسپۆڕێکی ئەتۆمی، شتێکی نوێ نییە و کاردانەوەیە بەرامبەر ئاشکراکردنی تەواوی پێکهاتەی بەرنامە ناوکییەکەی مەلاکانی ئێران."
عەلی شەمخانی، گەورە کاربەدەستی ئاسایشی ئێران لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە ئەو گوناهبارکرنەی کردووە و دەڵێت "بەبێ هیچ گومانێک موجاهیدینی خەڵقی ئێران بەشدارییان کردووە لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیزم و هەروەها مۆساددا." وەک ئاماژەیەک بە حکومەتی ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتەدا.
فەخریزادە ڕۆژی هەینی پاش تەقەلێکردنی، بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا، وەک وەزارەتی بەرگری ئێران ڕایگەیاند هێرشبەرەکان لە نزیک تارانی پایتەختەوە هێرشیان کردبووە سەری و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانیشی لەو هێرشەدا کوژراون.
لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، موجاهیدنی خەڵق لێدوانەکانی عەلی شەمخانی ڕەتکردۆتەوە و بە ڕقاوی و کینەداری و درۆش ناودێری کردووە، لە کاتێکدا خۆی بە خاوەنی ئاشکراکردنی بەرنامە ناوکییەکەی ئێران دادەنێت و هەروەهاش ئەو دامەزراوە ناوکیانەی پێشتر نهێنی بوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا موجاهیدین دەڵێت "بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 2004دا بوو موجاهیدین ناوی موحسن فەخریزادەی ئاشکراکرد وەک کاربەدەستی بەرپرس لە دروستکردنی بۆمبی ناوکی."
موجاهیدین دەڵێت " کارەکانی موجاهیدینی خەڵق، جیهان و گەلی ئێرانیشی ڕزگارکردووە لە مەترسییەکانی ئەوەی مەلاکان بە خێرایی دەستیان ڕابگات بە بۆمبی ناوکیدا و ئەو ڕێگەی لە مەلاکان داخستووە."