Accessibility links

حکومەت و ئۆپزسیۆنەکانی پاکستان لە ناکۆکییەکی قوڵدان


دیمەنێکی خۆپیشاندانی ئەمڕۆ دووشەممەی ئۆپزسیۆنەکانی پاکستان لە شاری موڵتان
دیمەنێکی خۆپیشاندانی ئەمڕۆ دووشەممەی ئۆپزسیۆنەکانی پاکستان لە شاری موڵتان

پۆلیسی پاکستان سەدان لایەنگری لایەنەکانی ئۆپزسیۆنی دەستگیرکردووە بەر لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ دووشەممە بۆ داوای دەست لە کار کێشانەوەی سەرەک وەزیری وڵاتەکە.

حکومەت داکۆکی لەو بڕیاری دەستگیرکردنانە دەکات و بە هەنگاوێکی پێویست ناودێری دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

پۆلیس داندەنێت بەوەی زیاتر لە 370 کەسی دەستگیرکردووە، بەڵام لایەنەکانی ئۆپزسیۆن دەڵێن زیاتر لە 1800 کەس لە شاری موڵتان دەستگیرکراون, هاوکاتی ئەوەی دەسەڵاتداران لەو شارەی ناوەڕاستی پاکستاندا تۆڕەکانی تەلەفونی مۆبایلیان کوژاندۆتەوە.

هێزە ئاسایشییەکان لە شەوی ڕابردووەوە بەربەستیان لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی شارەکەدا داناوە تا ڕێگە لە گەیشتن بگیرێت بۆ ئەو مەیدانەی ئۆپزسیۆن بەرنامەی هەبووە خۆپیشاندانی تیادا بکات دژی عەمران خان، سەرەک وەزیری پاکستان. بەڵام وێڕای ئەو ڕێگەگرتنانەش، ڕێبەرانی ئۆپزسیۆن بەرەو مەیدانەکە ڕۆیشتوون و پێکدادانیش ڕوویانداوە و بە دواشیدا دەستگیرکردنەکان دەستیان پێکردووە.

یەکێک لەوانەی دەستگیر کراوە، عەلی موسا گەیلانییە، کوڕی یوسف ڕەزا گەیلانی، سەرەک وەزیری پێشووی پاکستان.

شەقامەکانی ئەو شارە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئاڵۆزییان پێوە دیارە.

حکومەتەکەی عەمران خان لۆمەی ڕێگەگرتن لە خۆپیشاندانەکان لە ئەستۆی پەتای کۆرۆنا دەنێت، هەرچەندە هێزە ئاسایشییەکان لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بەردەوام کارەکانی ئۆپزسیۆنی وڵاتەکەی تێکداوە و ڕێبەرانی ئۆپزسیۆنیشی دەستگیر کردوون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 398 هەزار کەس لە پاکستان تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و زیاتر لە 8 هەزار کەسیش بەم پەتایە گیانیان لە دەستداوە.

وتەبێژی حکومەت دەڵێت "ئۆپزسیۆنەکان دەیانەوێت لەسەر ژیانی خەڵک سیاسەت بکەن."

XS
SM
MD
LG