Accessibility links

سودان سەردانی شاندی ئیسرائیل پشتڕاست دەکاتەوە


سودان پشتڕاستی کردەوە کە شاندێکی ئیسرائیل سەردانی خەرتومی پایتەختی کردووە.

ئەم پشتڕاستکردنەوەیەش پاش یەک هەفتەیە لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لە کەناڵێکی میدیایی عەرەبیدا.

ئەنجومەنی سەروەری لە سودان، کە بەرزترین ئەنجومەنی فەرمانڕەوایەتی وڵاتەکەیە، هەوڵی داوە لە گرنگی ئەو سەردانە کەم بکاتەوە و دەڵێت سەردانێکی سیاسی نەبووە.

موحەمەد ئەلفەکی سولەیمان، وتەبێژی ئەنجومەنی سەروەری لە لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵی ئەلحوڕە دەڵێت "ئیمە ئەو سەردانەمان ڕانەگەیاند چونکە سەردانێکی ئاسایی بووە و تانوپۆیەکی سیاسیانەی نەبووە بەڵکو سەردانێکی تەکنیکی و لەشکریانە بووە."

سودان بۆتە سێهەم وڵاتی عەرەب لەم چەند مانگەی ڕابردوودا کە ڕێککەوتنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕاگەیاندووە، پاش میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و بەحرەین.

سولەیمان دەڵێت "وتووێژەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەڵپەسێردراون چونکە وابەستەیی سیاسی و ئابوری هەبوون و هیچیان جێبەجێنەکراون." بەڵام هیچ زانیاری و وردەکارییەکی لەسەر ئەو وابەستەییانە باس نەکردوە.

پێدەچێت ئەمەش پەیوەندی هەبێت بە لادانی ناوی سودانەوە هەبێت لە لیستی ڕەشی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتانەی سەرپرشتیاری تێرۆیزمن لە جیهاندا.

ئیسرائیل ڕۆژی 23ی مانگی 11 ڕایگەیاند، یەکەمین شاندی خۆی ناردووە بۆ سودان پاش ڕێککەتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەڵام یەک ڕۆژ دواتر، سودان نکوڵی دەکرد لەو سەردانە.

XS
SM
MD
LG