Accessibility links

دوای ئیسرائیل، ئێران موجاهیدینی خەڵقیش بە کوشتنی زانا ئەتۆمییەکەی گوناهبار دەکات


دیمەنی ئۆتۆمبێل و ئەو شوێنەی فەخریزادەی تیادا کوژرا

ئێران دەڵێت، ئیسرائیل و ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق میکانیزمێکی ئاڵۆزی نوێیان بەکارهێناوە بۆ کوشتنی موحسن فەخریزادە، زانای ناوداری ئەتۆمی لە ئێران.

ئەمڕۆ دووشەممە فەخریزادە لە مەراسیمێکدا لە تاران بەخاک سپێردرا.

هاوکاتی بە خاکسپاردنی فەخریزادە کە ئیسرائیل بە دامەزرێنەری بەرنامەی چەکی ناوکی ئێران دایدەنێت؛ تاران پەیمانیداوە، دوو هێندەی کار و ئەرکەکانی ئەو زانا کوژراوە، ئیش لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی بکات.

عەلی شەمخانی، گەورە کاربەدەستی ئاسایشی ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران دەڵێت "ئەو کاری کوشتنەی کە کراوە زۆر ئاڵۆز بووە و کەرەستە و ئامێری ئەلیکترۆنی بەکارهێنراون و کەس لە شوێنی ڕوودوەکەدا نەبووە."

شەمخانی دەڵێت "بەبێ هیچ گومانێک موجاهیدینی خەڵقی ئێرانی بەشدارییان کردووە لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیزم و هەروەها مۆساددا." وەک ئاماژەیەک بە حکومەتی ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتەدا.

ئەم لێدوانانەی شەمخانی لە میانەی دیمانەیەکی تۆمارکراودا بووە و تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانی و ئاژانسی دەنگوباسی فارس بڵاویان کردۆتەوە.

بەبێ ئاماژەکردن بە هیچ سەرچاوەیەک، ئاژانسی دەنگوباسی فارس دەڵێت کوژرانەکەی فەخریزادە بە چەکێکی ئۆتۆماتیکی کراوە و لەسەر پشتی پیکاب یان کامیونێک بەستراوە و لە دوورەوە کۆنترۆڵکراوە و تەقەکانی پێکراوە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران، ئیسرائیلی گوناهبارکرد بەوەی وەک بەکرێگیراوێک کار بۆ ئەمریکا دەکات و ئەو کردەی کوشتنەی کردووە.

XS
SM
MD
LG