Accessibility links

عروج ڕەیس لە بەندەری ئەنتالیا لەنگەر دەگرێتەوە


کەشتی عروج ڕەیس لە نزیک بەندەری ئەنتالیاوە
کەشتی عروج ڕەیس لە نزیک بەندەری ئەنتالیاوە

ئەو کەشتییەی تورکیا کە تایبەتە بە گەڕان بە دوای سوتەمەنیدا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا و بۆتە مایەی مشتومڕی نێوان تورکیا و یۆنان گەڕاوەتەوە بۆ بەندەرێکی تورکیا.

وەزارەتی وزەی تورکیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویە "کەشتی عروج ڕەیس گەڕاوەتەوە بەندەری ئەنتالیا پاش تەواوکردنی ئەرکێکی دوو ڕەهەندی لە دەریادا."

مەرین ترافیک، ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردۆتەوە و کەشتییەکەی لە داتاکانیدا نیشانداوە لە بەندەری ئەناتۆلیا لەنگەری گرتووە.

ئاڵۆزییەکان لە نێوان تورکیا و یۆنانی دراوسێیدا کە هەردووکیان ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆن، لە هاویندا ئاستێکی بەرزی بەخۆوە بینی و گەیشتە ئەوەی لەشکریان بۆ ئامادەکرد.

ئانکەرە دەڵێت حکومەتەکانی یۆنان و یۆنانی قوبرس، بوونەتە تەگەرە لەبەردەم مافی تورکیا و باکوری قوبرسدا بۆ گەڕان بە دوای وزەدا لە ڕێی دانانی ڕێوشوێن کە تەنها لە بەرژەوەندی خۆیاندایە و دەشڵێت هەوڵی دوورخستنەوەی تورکیا دەدەن لەوەی عەمماری نەوت و گازی سروشتی هەبێت.

ئەم کێشانەی نێوان تورکیا و یۆنان بوونە مایەی قەیرانی دیپلۆماسی و هەروەهاش دروستبوونی گوتاری زبر و شەڕانگێزانە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

یۆنان و قوبرس و هەروەها فەڕەنساش کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپان داوای سەپاندنی سزایان کردووە بەسەر تورکیادا.

کەشتی عروج ڕەیس لە مانگی 9ی ڕابردوودا گەڕابووەوە بەندەری تورکیا بە مەبەستی دابین کردنی پێداویستییەکانی. بەڵام کاربەدەستانی تورکیا لەو کاتەدا دەیانگوت گەڕانەوەی کەشتییەکە لەو سنورە ئاویەی "یۆنان دەڵێت هی خۆیەتی" بۆ پێدانی دەرفەتێکە بە چارەسەرییەکی دیپلۆماسیانەی کێشەکە.
لە مانگی 10دا جارێکی تر کەشتییەکە نێردرایەوە بۆ ناو دەریا پاش ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا یۆنانی گوناهبار کرد بەوەی وەک دەڵێت "پەیمانەکانی خۆی بەجێنەگەیاندووە."

ڕێبەرانی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژانی 10 و 11 مانگی 12 کۆبوونەوەی لوتکەیی خۆیان دەکەن و وەهاش چاوەڕوان دەکرێت ئەم کێشە و گرفتانە باس بکەن و هەروەها ئەگەری سزاکانیش.

XS
SM
MD
LG