Accessibility links

کۆبوونەوەکان بۆ داڕشتنی دەستوری سوریا بەردەوامن


گیر پیدرسن، نێردراوی یو ئێن بۆ سوریا
گیر پیدرسن، نێردراوی یو ئێن بۆ سوریا

شاندەکانی حکومەتی سوریا و ئۆپزسیۆن و ڕێکخراوە سیڤیلییەکان لە ژنێڤ کۆدەبنەوە وەک دواترین گەڕی وتووێژکردن بۆ پێداچوونەوە بە دەستوری وڵاتی سوریای بە شەڕ وێرانبوودا.

گیر پیدرسن، نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، ئەمڕۆ دووشەممە میوانداری ئەو لایەنانەی سوریای کردووە، یەک ڕۆژ پاش لێدوانەکەی سەبارەت بەوەی کاربەدەستانی تەندروستی سویسرا، ڕێوشوێنە تایبەتەکانیان مۆرکردبوو وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

لە دانیشتنەکانی پێشتردا چەند تووشبوونێک بە پەتای کۆرۆنا هەبووە لە نێو ئەندامانی شاندەکانی سوریادا.

پاش نزیکەی 10 ساڵ لە قەیرانی سوریا، ڕۆژی یەکشەممە پیدرسن دانی بەودا ناوە هێشتاش سەختی هەن لە بەردەم بەرەو پێشچوونی وتووێژەکانی لەسەر دەستوری ئەو وڵاتە دەکرێن.

لایەنە توندڕەوەکانی هەندێک بەشی سوریایان کۆنترۆڵ کردووە بە تایبەتی ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای هەرێمی ئیدلب، لەو وتووێژانەدا بەشدار نین.

پیدرسن دەڵێت زاڵ بوون بەسەر "بێ متمانەییدا" کاتێکی زۆری دەوێت، بەڵام هیوای خۆیشی دەربڕیوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی گیراوەکان و بۆ هێنانە ئارای پرەنسیپی هاوبەش لە وتووێژەکاندا وەک دەڵێت یارمەتیدەر دەبێت بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەو بێ متمانەییەی هەیە.

نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا لە لێدوانەکەی ڕۆژی یەکشەممەیدا بۆ پەیامنێران دەڵێت "هیوادارم ئەوەی تا ئێستا پێی گەیشتوین، سەرەتای دەستپێکی متمانە بێت لە نێوان لایەنەکاندا و دروستبوونی ئەو متمانەیە ببێتە مایەی کردنەوەی دەرگاکان بۆ پرۆسەیەکی فراوانتری سیاسی."

لەم کۆبوونەوەیەدا هەر شاندە بە 15 ئەندام بەشدار دەبێت و ئەمەش چوارهەم گەڕی وتووێژەکانی کۆمیتەی داڕشتنی دەستوری سوریایە و بڕیاریشە لە مانگی یەکی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی تریش بکرێت.

XS
SM
MD
LG