Accessibility links

پەیوەندییەکانی ئوسترالیا و چین بەرەو داڕمان دەڕوات


سەرەک وەزیری ئوسترالیا
سەرەک وەزیری ئوسترالیا

سەرەک وەزیری ئوسترالیا کاردانەوەیەکی توڕە ئامێزی هەبووە بەرامبەر نوسینێکی گەورە وتەبێژی حکومەتی چین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا و بە قێزەون و بێزارکەر ناودێری کردووە و داواش لە بێژینگ دەکات بە فەرمی "داوای لێبوردن بکات."

ژاو لیژیان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بۆتە هۆکاری ئەم توڕەیی و ناڕەزایەتیە، پاش ئەوەی وێنەی کابرایەکی پۆست کردووە بە جلوبەرگی سەربازیی ئوسترالیاییەوە و چەقۆیەکی خوێناوی خستۆتە سەر قوڕگی منداڵێکی ئەفغانستانی.

لە ئێستادا دادپارێزان لە ئوسترالیا لە لێکۆڵینەوەدان لە 19 سەربازی وڵاتەکەیان وەک دەگوترێت لەسەر قسە و باسی ئەوەی گوایەهێزە تایبەتەکانی ئوسترالیا دەستیان هەبووە لە ئەنجامدانی تاوانەکانی شەڕدا لە نێوان ساڵانی 2005 و 2016دا.

سکۆت مۆریسن، سەرەک وەزیری ئوسترالیا لە پۆستێکدا هەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویە "ئەو پۆستەی چین لە تویتەردا کارێکی قێزەونی بێزراوە و هیچ بیانویەکیش هەڵناگرێت و پێویستە حکومەتی چین شەرم لە خۆی بکات لەسەر ئەو پۆستەی تویتەر."

لە بێژینگ، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو پۆستەی لە تویتەر کراوە، هوا چون ینگ، کە یەکێکە لە وتەبێژەکانی وەەزارەتی دەرەوەی چین وتوویەتی "کاتێک سەربازە ئوستورالیاییەکان تاوانێکی ئاوەها دڕندانە دەکەن، ئەی نابێت حکومەتی ئەو وڵاتە هەست بە شەرمەزاری بکات! پێویستە حکومەتی ئوسترالیا داوای لێبوردن لە گەلی ئەفغانستان بکات و ئەوەش ڕاستییە کە سەربازەکانی ئوسترالیا خەڵکی بێتاوانی سیڤیلییان لە ئەفغانستان سەربڕیوە."

ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان لە سەرەتای مانگی یازدەدا ئاماژەی بەوە کردبوو مۆریسن پەیوەندییەکی تەلەفونی تایبەتی لەگەڵدا کردووە و "مەخابنی قوڵی" دەربڕیوە لەسەر ئەو قسەوباسانە.

لە ئێستادا پەیوەندییەکان لە نێوان چین و ئوسترالیادا لە ڕەوشی داڕماندایە.

XS
SM
MD
LG