ڕێکخراوێکی داکۆکی لە مافەکان دەکات لە بیلاڕوس دەڵیت زیاتر لە 180 کەس دەستگیرکراون هاوکاتی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ یەکشەممە دژی سەرۆکی وڵاتەکە کراون.
خۆپیشاندانەکان دژی هەڵبژاردنەوەی ئەلیکساندەر لوکاشینکۆ دەکرێن و زۆربەی دانیشتوانی ولاتەکە دەڵێن ساختەکاری لەو هەڵبژاردنەدا کراوە.
لە شاری مینسک، ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەران وێڕای بەفربارینێکی زۆر گردبووبوونەوە و دەیان دروشمی جۆراوجۆریان دەگوتەوە، لەوانە"پێکەوە دژی دیکتاتۆریەت" یان "بڕۆ ئەی مشک دوور بڕۆ"
ئەلئکساندەر لوکاشینکۆ 26 ساڵە فەرمانڕەوای وڵاتەکەیە و بەبێ سڵکردنەوە، ئۆپزسیۆنی ولاتەکەی سەرکوت دەکات.
لەوکاتەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 9ی مانگی 8ی ئەمساڵ بڵاوکرایەوە، شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایی دەربڕین بێلاڕوسی گرتۆتەوە.
نێوەندی فیاسنا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت پۆلیس جارێکی تر بۆمبی فرمێسک ڕژێن و بۆمبی دەنگی بەکارهێناوە بۆ بڵاوپێکردنی خۆپیشاندەران و بەشێکی خۆپیشاندەرانیش بە تێڵا لێیان دراوە.
سەرەتا خۆپیشاندانەکان لە شاری مینسک دەستیان پێکرد و ئەوجا شار و شارۆچکەکانی سەرانسەری وڵاتەکەی گرتەوە.
دەسەڵاتدارانی بێلاڕوس وێستگەکانی شەمەندەفەریان داخستووە و هەروەهاش کۆت و بەندێکی زۆریان خستۆتە سەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت.
سەرکردەی ئۆپزسیۆنی وڵاتەکە کە دوای هەڵبژاردنەکەی مانگی هەشت، وڵاتەکەی جێهێشت و ئێستا لە لیتوانیا دەژی لە پەیامێکدا بۆ خۆپیشاندەران دەڵێت " ڕێگەیەکی درێژ و قورسمان پێکەوە بڕیوە، ئێمە میللەتێکین جێی شانازین و میللەتێکی ئازا و ئاشتیخوازین و هەرگیز قایل نابین ئەو بەهایانە لە دەست بدەین."