Accessibility links

پادشای ئوردون جەخت لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکاتەوە بۆ کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین


شا عەبدوڵا، پادشای ئوردون هاوکاتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکاندا داوای چڕ کردنەوەی هەوڵە نێونەتەوەییەکان دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان.

لە ڕاگەیەندراوەکەی دیوانی پادشایەتی شانشینی ئوردوندا نوسراوە "شا عەبدوڵا چارەسەری کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل لە چوارچێوەی دوو دەوڵەتدا دەبینێت."

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی نێوان پادشای ئوردون و سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان لە بەندەری عەقەبە بووە و بەپێی ڕاگەیەندراوەکەش "پادشای ئوردون جەختی کردۆتەوە لە ئاشتییەکی ڕەوا و هەمیشەیی و هەروەهاش کۆتاییهێنان بە قەیرانی فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان."

وەک لە ڕاگەیاندراوەکەی دیوانی پادشایەتیدا هاتووە " شانشینی ئوردون بە هەموو تواناییەکیەوە لەگەڵ فەلەستینییەکاندا دەبێت بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان و فەلەستینیەکانیش خاوەنی سەروەری خۆیان بن بەپێی ئەو سنورەی لە 4ی مانگی 6ی ساڵی 1967دا هەبووە و پایتەختەکەشی لە قودسی ڕۆژهەلات بێت."

شا عەبدوڵا جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە پارێزگاریی لە ڕەوشی یاسایی و مێژوویی شاری قودس بکرێت و ئاماژەش بەوە دەکات "شانشینی ئوردون هەموو ڕێوشوێنەکانی تاک لایەنە دەگیرێنەبەر ڕەت دەکاتەوە کە بە ئامانجی گۆڕینی ناسنامەی شارەکە و پیرۆزییەکانی شارەکەن، هەروەهاش ڕەتکردنەوەی دابەشکردنەکانی لەسەر بنچینەی کات و شوێن بۆ مزگەوتی ئەلئەقسا دەکرێت."

شانشینی ئوردون دەڵێت "بەردەوام دەبێت لە بینینی ڕۆڵی مێژوویی و ئاینی خۆی بۆ پاراستنی پیرۆزییە ئاینییەکانی ئیسلامی و کریستیانەکان."

ئیسرائیل کە لە ساڵی 1994دا ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ شانشینی ئوردوندا مۆرکردووە، داندەنێت بەوەی ئوردون سەرپەرشتی پیرۆزییە ئاینییەکانی ناو شاری قودس بکات.

مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان ستایشی ڕۆڵی شانشینی ئوردون دەکات و دەڵێت "هەڵوێستە جێگیر و ئاشکراکانی ئوردون بە ڕێبەرایەتی شا عەبدوڵا، بۆ داکۆکیکردن لە مافی فەلەستینییەکان و پشتیوانی کردنەکانی لە دۆسێ ڕەواکەیان، بەرز دەنرخێنین."

XS
SM
MD
LG