Accessibility links

تورکیا ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر کوژرانی فەخریزادە


موحسن فەخریزادە
موحسن فەخریزادە

تورکیا ناڕەزایی دەردەبڕێت لەسەر کوژرانی موحسن فەخریزادە، زانای ئەتۆمی ئێران و ئەو کردەی کوشتنەش بە کارێکی تێرۆریستی ناودێر دەکات و هەروەهاش دەڵێت "کوشتنی فەخریزادە دەبێتە مایەی لەق کردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا."

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە "کوژرانی موحسن فەخریزادە بەهۆی ئەو هێرشەی کرایە سەری، جێی مەخابنمانە و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دەگەیەنینە حکومەتی ئێران و کەسوکاری کۆچکردوو. تورکیا دژی هەر هەوڵێکە بۆ تێکدان و لەق کردنی ئاشتی ناوچەکە و دژی هەموو شێوازێکی تێرۆرە جا هەر کەسێک بیکات و ئامانجەکەش هەرچییەک بێت."

لەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا داواش لە هەموو لایەک کراوە پشودرێژی بپارێزرێت و ژیرانە سەروسەودا بکرێت لەم ڕەوشەدا.

وەزارەتی بەرگری ئێران ڕۆژی هەینی کوژرانی موحسن فەخریزادەی ڕاگەیاند پاش ئەو هێرشەی کرایە سەر ئۆتۆمبێلەکەی لە نزیک شاری تارانەوە.

ئێران ئیسرائیل و ئەمریکا گوناهبار دەکات بەوەی لە پشت کوژرانی فەخریزادەوەن.

تورکیا و ئێران دوو هێزی ناوچەکەن و پەیوەندییەکی مێژووی ئاڵۆز پێکیانەوە دەبەستێتەوە.

ئەم دوو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ژمارەیەک دۆسێ کێشە و ناکۆکییەکی زۆریان هەیە، بەڵام لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا هاوکارییەکانی خۆیان لە ژمارەیەک بواردا زیاد کرد وەک بواری وزە.

تاران و ئانکەرە ڕێبازێکی هاوبەشیان هەیە بۆ دژایەتیکردنی شانشینی عەرەبستانی سعودیە و هەروەها میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب.

XS
SM
MD
LG