Accessibility links

تەرمی فەخریزادە دەبرێتە مەشهەد و دواتریش بۆ تاران


تەرمی موحسن فەخریزادە گواستراوەتەوە بۆ مەرقەدی ئیمام ڕەزا لە شاری مەشهەد وەک بەشێک لەو مەڕاسیمی ماڵئاواییەی بۆی دەکرێت لە ئێراندا و وەهاش چاوەڕوان دەکرێت ئەو مەڕاسیمە، سبەی دووشەممە لە تاران کۆتایی پێبێت.

وەزارەتی بەرگری ئێران، ڕۆژی هەینی کوژرانی فەخریزادەی ڕاگەیاند بەهۆی سەختی برینەکانیەوە و پاش ئەوەی وەک تاران دەڵێت "ژمارەیەک تێرۆریست" هێرشیان کردبووە سەر ئۆتۆمبێلەکەی.

بەپێی ئاژانسی فەرمی دەنگ و باسی ئێران، تەرمی فەخریزادە، شەوی ڕابردوو براوەتە مەشهەد، تا لە مەرقەدی ئیمام ڕەزا (هەشتەمین ئیمامی شیعە ئاینزاکان) نوێژی لەسەر بکرێت.

بەپێی وەزارەتی بەرگری ئێران، دواتر تەرمی فەخریزادە دەگوێزرێتەوە بۆ مەرقەدی فاتیمە خانم لە شاری قوم و ئەوجا بۆ مەرقەدی ئیمام خومەینی لە تاران، پایتەختی ئێران.

وەزارەتی بەرگری ئێران دەڵێت، ڕۆژی دووشەممە بە ئامادەبوونی کەسوکار و ژمارەیەک لە سەرکردە لەشکرییەکان فەخریزادە بە خاک دەسپێردرێت، بەڵام هیچ زانیارییەکی زیاتر لەسەر ئەو مەڕاسیمی بە خاک سپاردنە نەدراوە.

ڕۆژی شەممە، حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران، ئیسرائیلی گوناهبار کرد بە کوشتنی فەخریزادە.

ئەنجومەنی شورای ئێران (پەرلەمان) ئەمڕۆ یەکشەممە دانیشتنێکی داخراوی کردووە بە ئامادەبوونی مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتیلاعاتی ئێران بۆ تاووتوێکرنی ڕەوشی لێکۆڵینەوەکان لەسەر کوژرانی فەخریزادە.

ئاژانسی دەنگوباسی ئیسنا لە زاری موحەمەد باقڕ قالیباف، سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئێرانەوە دەڵێت "ناوەڕۆک و بڕیارەکانی ئەم کۆبوونەوە داخراوە، بەمزووانە ڕادەگەیەندرێن."

موحسن فەخریزادە سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوە و داهێنان بووە لە وەزارەتی بەرگری ئێران.

ئەمریکا لە ساڵی 2008دا ناوی فەخریزادەی خستبووە سەر لیستی سزاکان بەهۆی ئەو پاشخانەی هەیبووە لە پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکی ئێراندا.

بەنیامین نەتەنیاهۆ باس لە فەخریزادە دەکات
بەنیامین نەتەنیاهۆ باس لە فەخریزادە دەکات

پێشتریش بەنجامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل،فەخریزادەی گوناهبارکردبوو بەوەی لە پشت بەرنامە ناوکییە لەشکرییەکەی ئێرانەوەیە.

تاران هەمیشە نکوڵی کردووە لەوەی بەرنامەی ناوکی لەشکریانەی هەبێت.

XS
SM
MD
LG