Accessibility links

تیپە جیهانییەکانی تۆپی پێ یادی مارادۆنا دەکەنەوە


لە سەرانسەری جیهاندا تیمە وەرزشییەکان ناوی دیاگۆ مارادۆنا، یاریزانی ناوداری جیهانییان بەرز ڕاگرت لە ڕێی ساتەوەختی بێدەنگی و چالاکی ترەوە بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی تۆپی پێی ئەوروپا.

هێشتا جیهان بە خەم و پەژارەوە دەڕوانێتە گیان لە دەستدانی ئەم یاریزانە ئەفسانەییەی جیهان. مارادۆنا پاش چەند ڕۆژێک لەو سەکتەی دڵەی لێیدا لە نەخۆشخانەیەکی بۆینس ئایرەسدا گیانی سپارد.

لە بەریتانیا یاریزان و ڕاهینەرەکانی تیپی مانشستر سیتی و بیرنلی وەستان و چەپڵەیان بۆ ماردۆنا لێدەدا لە کاتی نومایشت کردنی چەند دیمەنێکی ئەم یاریزانە ئەفسانەییە، لەوانە ئەو گۆڵەی لە تیپی بەریتانیای کرد لە یاریەکانی نیمچە کۆتایی جامی جیهانی 1986دا و کە بە گۆڵی "دەستی خودا" ناودێر کرا.

بۆب گواردیۆلا، بەڕێوبەری تیپی مانشستەر سیتی دەڵێت "لەم هەفتەیەدا یاریزانێکی دەگمەنی تۆپی پێمان لەدەستدا. مارادۆنا هەموو شتێک بوو لە تۆپی پێدا و یاریزانێکی دەگمەن بووە و لە هەر نەوەیەکدا تەنها یەک کەسی وەک مارادۆنا هەیە، ماردۆنا بە شێوازی یاریکردن توانییویەتی سەرنجی هەموو هاندەرانی تۆپی پێ بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، هەر بۆیە تۆپی پێ هەرگیز مارادۆنا لە یاد ناکات."

کارلۆ ئینچلۆتی، هاوکاتی دەستپێکی وازییەکەیان لەگەڵ تیمی لیدز، نوێژ و نزای بۆ مارادۆنا کرد. ئەم بەڕێوبەرەی تیمی ئیڤەرتون کە پێشتر لە تیمی بەرامبەر تیمی مارادۆنا یاریدەکرد ئەو کاتەی مارادۆنا یاریزانی سەرەکی تیپی ناپۆلی بوو، لە خولی یانە پلە یەکەکانی ئیتالیدا.

مارادۆنا توانی دوو جار لە ساڵەکانی 1987 و 1990دا، سەرکەوتن بۆتیمی ناپۆلی مسۆگەر بکات لە پێشەبڕکێی یانەکانی ئیتالیادا، هەر بۆیەشە لە شاری ناپۆلی باشوری ئیتالیا وەک سیمبۆلێکی شارەکە سەیر دەکرێت.

پرسەی مارادۆنا لە خولی یانەکانی ئیتالیا درێژەی هەبووە، ئەو گۆرانییەش کە لە کاتی خۆ ئامادەکردندا بۆ یارییەکان مارادۆنا بە خۆشترین گۆرانی دایدەدانا لە یاریگاکانی ئیتالیادا جارێکی تر لێدەدرێتەوە و هاوکات تەواوی یاریزانەکانی یانە پلە یەکەکانی ئیتالیا بە نیشانەیەکی ڕەشەوە لەسەر بەرۆکیان دەچنە ناو ستادیۆمەکانەوە و بەر لە هەر وازییەکیش بۆ یەک خولەک بە بێدەنگی ڕادەوەستن و وێنەی مارادۆنا لە سکرینە گەورەکانی یاریگاکانەوە نیشان دەدرێن.

بێ لەوانەش لە خولەکی دەهەمی هەموو یاریەکانی ئیتالیادا، وێنەی فانیلەکەی مارادۆنا نیشان دەدرێت وەک ڕێزلێنانێک لە ژمارە 10 مارادۆنا.

لە هەنگاوێکی بێ پێشینەدا، یاریزانانی تیمی ڕوکبی لە نیوزیلاند بەر لە دەستپێکی وازیەکەیان، بەشێکی یاریزانەکان ژمارە 10یان لە فانیلەکانیان دابوو و یەک خولەکیش بە بێدەنگی وەستان بۆ ڕێزلێنانی ژیان و وەرزشی مارادۆنا، ئەفسانەی جیهانی تۆپی پێی.

XS
SM
MD
LG