Accessibility links

سەرۆکی میسر سەردانی سودانی باشور دەکات


لە یەکەم سەردانیدا بۆ سودانی باشور، سەرۆکی وڵاتی میسر دەڵێت لەگەڵ سلفیا کیر سەرۆکی سودانی باشوردا دۆسێکانی تایبەتن بە ئاسایشی ناوچەکە و بەکارهێنانی ئاوی ڕوباری نیل تاووتوێکراون.

لەو ڕاگەیەندراوەی ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە دوای کۆبوونەوەکان هیچ ئاماژەیەک بە قەیرانی خوێناوی ناو وڵاتی ئەسیوبیا نەکراوە. ئەدیس ئەبابا لەگەڵ وڵاتی میسریشدا لە قەیراندایە بەهۆی دروستکردنی بەنداوێک لەسەر ڕوباری نیلی شین و ئەو بەنداوە لە تەواوبووندایە.

سەرۆکی میسر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت "لەگەڵ سەرۆکی سودانی باشوردا وتووێژ کراوە لەسەر سود وەرگرتن لە ئاوی ڕوباری نیل کە سەرچاوەی هیوا و پەرەپێدانی نیشتمانییە."
پێشتر قاهیرە وەهای ڕاگەیاندووە کە پڕۆژەی ئەو بەنداوەی ئەسیوبیا هەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ وڵاتی میسر کە پشت بە ڕوباری نیل دەبەستێت وەک سەرچاوەی ئاو. هاوکات ئەدیس ئەبابا دەڵێت ئەو بەنداوە گرنگە بۆ گەشەکردن و کەمکردنەوەی ئاستی هەژاری لە وڵاتەکەدا.

وتووێژەکانی نێوان ئەسیوبیا و میسر و سودان سەبارەت بەو بەنداوە بە قورس ناودێر دەکرێن ئەگەر بێتوو نەگەنە ڕیککەوتن لەسەر دۆسێ هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.

ناوچەکە لە چاودێریدایە تا بزانرێت ئایا وڵاتی میسر سود لەو ناجێگیری و پشێویە دەبینێت کە لە ئەسیوبیادا هەیە، هاوکاتی پێکدادانی هێزە سەربازییەکانی حکومەتی فێدراڵی لەگەڵ چەکدارەکانی هەرێمی تیگرای.

عەبولفەتاح ئەلسیسی دەڵێت پێویستە لەسەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی سزاکانی سەر سودانی باشور هەڵگرێت، کە لە ڕەوشی بوژاندنەوەیەکی کاوەخۆدایە لەپاش 5 ساڵی شەڕی ناوخۆ.
لە شەڕی ناوخۆی سودانی باشوردا نزیکەی 400 هەزار کەس کوژراون و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاشتیش لە وادەی خۆی دواکەوتووە.

سەرۆکی سودانی باشور دەڵێت لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردۆتەوە لە "گرنگی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەندییان هەیە بە ئاسایشی ناوچەکەوە و هەروەهاش بەرپرسیارێتی ئافریکاییەکان لە دۆزینەوەی چارەسەری ئافریکاییانە بۆ کێشە ئافریکاییەکان."

XS
SM
MD
LG