Accessibility links

ئەڵمانیا داوای پاراستنی ئارامی دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


موحسن فەخریزادە، زانا ئەتۆمییەکەی ئێران کە ڕۆژی هەینی کوژرا
موحسن فەخریزادە، زانا ئەتۆمییەکەی ئێران کە ڕۆژی هەینی کوژرا

ئەڵمانیا داوای پاراستنی ئارامی دەکات پاش کوژرانی موحسن فەخریزادە، زانای ئەتۆمی ئێران.

تاران لۆمەی ئەو کوشتنە لە ئەستۆی ئیسرائیل دەنێت.

وتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاوە دەڵێت "داوا لە هەموو لایەک دەکەین خۆیان لە هەموو ئەو جۆرە کارانە بپارێزن کە دەشێت ببنە مایەی بەرزبوونەوەیەکی نوێی ئاڵۆزییەکان."

ئەم وتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێس ئاماژەیشی بەوە کردووە "چەند هەفتەیەک ماوە تا بەڕێوبەرایەتی نوێی ئەمریکا دەستبەکاربێت، هەر بۆیە پێویستە دیالۆگ بپارێزرێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەرنامەی ناوکی ئێران."

سەرۆکی ئێران ئەمڕۆ شەممە ئیسرائیلی گوناهبارکرد بە کوشتنی فەخریزادە و هەروەهاش بە هەوڵدان بۆ نانەوەی ئاژاوە بە چەند هەفتەیەک بەر لەوەی جۆو بایدن، سەرکەتووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەستبەکاربێت.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ئیسرائیل ڕەتیکردۆتەوە هیچ قسەیەک بکات لەسەر کوژرانی موحسن فەخریزادە.

XS
SM
MD
LG