Accessibility links

چوار کەسی ئازەربایجانی لە ناگۆرنۆ کاراباخ دەکوژرێن


بەلانیکەم 4 کەسی سیڤیلی ئازەربایجانی کوژراون لە ئاکامی تەقینەوەی مینێکدا بە ئۆتۆمبێلەکەیاندا، وەک دەگوترێت سەربازە ئەرمینیاییەکان چاندویانە هاوکاتی کشانەوەکەیان لە هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ، بەپێی ڕاگەیەندراوی داواکاری گشتی ئازەربایجان.

لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە کراو، مینەکە لە گوندێکی هەرێمی فزولی ڕوویداوە و دەڵێت مینەکە لە جۆری دژە تانک بووە.

داواکاری گشتی ئازەربایجان، ئەم ڕووداوە بە "کارێکی نوێی وروژێنەرانەی ئەرمینیا" ناودێر دەکات.

هەرێمی فزولی، هاوسنوری وڵاتی ئێرانە و لە شەڕەکانی ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا، هێزە چەکدارە ئەرمینیاییەکان کۆنترۆڵیان کردبوو. دوای ئەو شەڕانە جوداییخوازانی ئەرمینیایی سەربەخۆیی هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخیان لە ئازەربایجان ڕاگەیاند.

ئازەربایجان، لە شەڕە قورسەکانی ئەم دواییەدا کە لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی 9ی ئەمساڵدا دەستیان پێکرد، توانی دەست بەسەر ئەو هەرێمەدا بگرێتەوە.

لە ئاکامی ئەم شەڕەی 6 هەفتەی خایاند زیاتر لە 4 هەزار کەس کوژراون.

ڕۆژی 9ی مانگی 11، ئازەربایجان و ئەرمینیا ڕێککەوتنێکیان مۆرکرد بە ناوبژی ڕوسیا و بەپێی ئەو ڕێککەوتنە؛ یەریڤان ئەو ناوچانەی زیاتر لە 30 ساڵە لە ژێر دەستی جودایخوازانی ئەرمینیاییدایە، چۆلیان بکات بۆ باکۆ.

XS
SM
MD
LG