Accessibility links

حەسەن ڕۆحانی ئاگاهیدەدات بە نەیارانی ئێران


سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیسرائیل گوناهباردەکات بە کوشتنی موحسن فەخریزادە، زانای ناوداری ئەتۆمی و هەروەها بە هەوڵدان بۆ نانەوەی ئاژاوە و گێرەشێوێنی، دەشڵێت وڵاتەکەی ناکەوێتە ئەو جۆرە تەڵانەوە.

حەسەن ڕۆحانی لە لێدوانەکانی ئەمڕۆ شەممەیدا جەختی دەکردەوە لەوەی "لە کاتی گونجاودا وەڵامی ئیسرائیل دەدرێتەوە" هاوکات ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی، لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە" پێویستە سزای ئەوانە بدرێت کە بەرپرسیارن لەو کردەی کوشتنە و هەروەهاش درێژەدان بە جموجۆڵەکانی فەخریزادە."

دیمەنێکی ئەو شوێنەی موحسن فەخریزادەی تیادا کوژرا
دیمەنێکی ئەو شوێنەی موحسن فەخریزادەی تیادا کوژرا

ڕۆحانی لە لێدوانە تەلەفزیۆنییەکەی ئەمڕۆ شەممەیدا دەڵێت "گەلی ئێران زیرەک ترە لەوەی بکەوێتە تەڵەی پیلانگێڕی زایۆنیزمەوە، ئەوان بیر لە نانەوەی ئاژاوە و پشێوی دەکەنەوە، پێویستە بزانن ئێمە دەستەکانیانمان ئاشکرا کردووە و لەو ئامانجە قێزەونانەیاندا، سەرکەوتوو نابن."

ڕۆحانی ئاگاهیش دەدات بە نەیارانی ئێڕان و دەڵێت وڵاتەکەی و بەرپرسانی ئێرانیش "زۆر لەوە ئازاترن کە ئەم کارە تاوانکاریە بەبێ وەڵام جێبهێڵن، لە کاتی گونجاودا وەڵامی ئەم تاوانە دەدەینەوە."

وەزارەتی بەرگری ئێران ڕۆژی هەینی، مردنی موحسن فەخریزادەی ڕاگەیاند. پێشتر دەسەڵاتدارانی ئێران وتبوویان پاش ئەوەی تەقە لە خۆی و پاسەوانەکانی کراوە، برینەکانی فەخریزادە سەخت بوون و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام وێڕای هەموو ئەو هەوڵانەی پزیشکەکان داویانە، فەخریزادە گیانی لە دەستداوە.

هەر ئەمڕۆ شەممە ڕۆحانی وتوویەتی "ئیسرائیل ئەو ڕۆڵەی بۆ خۆ سەپێندەری جیهان گێڕاوە."
"خۆ سەپێندەری جیهان" ئەو دەستەواژەیەیە بەرپرسانی ئێرانی وەک ئاماژەکردن بە ئەمریکا بەکاریدەهێنن.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی ئێراندا نوسراوە "جارێکی تریش دەستی خۆ سەپێندەری جیهان و زایۆنیزمی بەکرێگیراوی، چووە خوێنی یەکێک لە کوڕەکانی ئێران." لە ڕاگەیەندراوەدا مردنی فەخریزادە بە زیانێکت گەورە لە ئێران ناودێرکراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ساڵی 2008دا ناوی فەخریزادەی خستبووە ناو لیستی سزادراوەکانی ئێرانیدا، بەهۆی بەشدارییەکانی لە پەرەپێدانی بەرنامە ناوکییەکەی ئێراندا. پێشتریش بەنجامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل فەخریزادەی بەوە گوناهبار کردووە کە لە پشت بەرنامەیەکی ناوکی لەشکریانەوەیە. ئێران نکوڵی دەکات لەوەی بەرنامە ناوکییەکەی بۆ مەبەستی لەشکریانە بێت.

XS
SM
MD
LG