Accessibility links

ئێران هەواڵی کوژرانی زانایەکی ناوەکی پشتڕاست دەکاتەوە


ئاژانسی دەنگ‌وباسی فەرمی ئێران IRNA پشتڕاستی کردەوە گەورە زانایەکی ناوەکی وڵاتەکەیان لە نزیک تارانی پایتەخت بە دەستی ژمارەیەک چەکدار کوژراوە.

ئاژانسەکە ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند وەزارەتی بەرگری ئێران کوژرانی موحسن فەخری‌زادەی پـشتڕاستکردووەتەوە. دەڵێت کۆمەڵێک چەکدار ئۆتۆمبیلەکەیان کردووەتە ئامانج و شەڕە تەقە لە نێوان هێرشبەرەکان و پاسەوانانی موحسن ڕوویداوە و لە ئاکامدا ناوبراو بە سەختی برینداربووە و براوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام دواتر لەبەر سەختی برینەکەی مردووە.

ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی بەرگری ئێران باسی لەوە نەکردووە کێ لە پشت کوشتنەکەی موحسن فەخری‌زادەیە.

وەزارەتەکە دەشڵێت موحسن جێگری وەزیری بەرگری ئێران و سەرۆکی دەزگای توێژینەوە زانستیـیەکانی وەزارەتی بەرگری بووە.

بەڵام محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە ئیسرائیلی بە کوشتنەکە تاوانبارکرد و داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی ئەوروپا کرد ئەو کوشتنە سەرزەنشبکەن.

موحسن فەخری‌زادە زانایەکی فیزیابوو و ئەفسەریش بوو لە سوپای پاسدارانی ئێران و بە یەکێک لە ئەندازیارە سەرەکیـیەکانی بەرنامە ناوەکیـیەکەی ئێران دادەنرا.

دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پـێش ساڵی 2007 هەوڵی دابوو لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکات سەبارەت بەرنامە ناوەکیـیەکە، بەڵام ئێران ڕەتیکردبووە.

XS
SM
MD
LG