میدیاکانی سەر بە حکومەتی تورکیا ڕۆژی سێشەممە رایانگەیاند کە دادگایەکی تورکیا لە دۆسێکەی کوشتنی ڕۆژنامەوان جەمال خاشوقچیدا چەند کەسێکی دیکەی وەک تۆمەتبار زیاد کردووە. دادگاییکردنێک کە ئەنکەرە دەڵێت پێویستە تەواوی ڕاستییەکانی پشت ئەو کوشتنە ئاشکرا بکات.
خاشوقچی کە ڕەخنەگرێکی سەرسەختی شازادە محەمەد بن سەلمانی عەرەبستانی سعودیەبوو، دوایین جار لە 2ی مانگی 10ی ساڵی 2018 لە شاری ئەستەنبوڵ دەڕواتە کۆنسوڵخانەی سعودیە و لەو کاتەوە دیار نامێنێت. بەرپرسانی تورکیا پێیان وایە تەرمەکەی لەت کراوە و لابراوە، لە کاتێکدا کە پاشماوەکانی هێشتا نەدۆزراوەتەوە.
لە مانگی 9دا دادگایەک لە سعودیە هەشت کەسی بە تۆمەتی کوشتنی خاشوقچی لە 7 ساڵ بۆ 20 ساڵ سزا دا لە دادگاییەکدا کە ڕەخنەگەران پێیان وایە ڕاستی و دروستییەکەی دیار نییە. هیچ کام لە تۆمەتبارەکان ناویان دیار نییە تاکو ئێستا.
لە دانیشتنی دادگای ڕۆژی سێشەممەی ئەستەنبوڵ ، دووهەمین دانیشتنی دادگاییکردنەکە کە چوار مانگ پێش ئێستا کراوەتەوە، شەش تۆمەتباری دیکە زیاد دەکات بۆ لیستی ئەو 20 بەرپرسە سعودیەی کە پێشتر بە شێوەی غیابی دادگایی کراون .
لە دوایین دانیشتندا جێگری کونسۆڵی سعودییە و کەسێکی نزیکی تاوانبار کران بە " کوشتنێکی ترسناکی پلان بۆ داڕێژراو ". چوار کەسی دیکە کە خەڵکی سعودیەن، بە تۆمەتی لەناوبردن، شاردنەوە یان دەستکاریکردنی بەڵگەکان تۆمەتبار کران.
دادگاکە پێش دەستپێکردنی دانیشتنی داهاتوو کە کەوتووەتە 4 ی مانگی 3 وە ، گوێبیستی گەواهیدانی شایەتحاڵێک بوو بە ناوی ئەیمەن نور کە چالاکوان و ئۆپۆزسیۆنی میسری و هاوڕێی خاشوقچی بووە.
یاسین ئاکتای، ئەندامی ئاکپارتی سەرۆک تەیب ئەردۆغان و ناسیاوی خاشوقچی، ڕایگەیاند کە چاوەڕێی حوکمێکی دادپەروەرانە لە دادگای سعودییە ناکرێت کە بتوانێت بەرپرسانی باڵای سعودیە ڕووبەڕووی سزا بکاتەوە.
ناوبراو ڕۆژی سێ شەمە پاش دانیشتنی دادگایەکە گوتی کە "لە ڕاستیدا ڕووداوەکان لە تورکیا ڕوویانداوە و ئەگەر ئێمە نیگەرانیمان هەبێت سەبارەت بە پرسی دادپەروەری ئەوا ناچارن متمانە بە دادگاکانی تورکیا بکەن."
دادگای یەکەم، دوو بەرپرسی باڵای سعودیە کە بریتی بوون لە ئەحمەد ئەلعەسیری جێگری پێشووی بەرپرسی هەواڵگری گشتی سعودیە و ئەلقەحتانی ڕاوێژکاری پێشووی دادگای شاهانەی سعودی تۆمەتبار کردوە بە تۆمەتی هاندان بۆ کوشتن.
دەوترێت 18 تۆمەتباری دیکە کە بە کوشتنی خاشوقچی، ڕۆژنامەنوسی دیار و ڕەخنەگەری شازادەی سعودیە تاوانبارن، هەموویان گوازراونەتەوە بۆ تورکیا.
ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنور (RSF) ڕایگەیاند کە داواکارییەکەی بۆ پەیوەستبوون بە دۆسیەکەوە وەک بەشێکی مەدەنی ڕەت کراوەتەوە و هەروەها دەشڵێت کە بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی دۆسیەکە لەنزیکەوە و داوای پەیوەستبوون بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دەکات.
ڕێبێکا ڤینسێنت بەڕێوەبەری ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور گوتی " کاتی ئەوە هاتوە لەگەڵ سعودیە شتەکان کۆتایی پێبێت و دادپەروەری بۆ جەمال خاشوقچی مسۆگەر بکەین" .