هێزی دژە تیرۆر لە عێراق بەڕێوبەری کارگێڕیی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی داعش دەستگیر دەکات.
ئەبو نەبەء لەگەڵ گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی بەغدا، دەستبەجێ دەستگیر دەکرێت و یەکێکیشە لە گرنگترین ئەو ناوانەی لە عێراق لە لیستی داواکراوەکاندایە.
سەباح نوعمان، وتەبێژی هێزی دژە تێرۆر لە عێراق بە ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە "دەزگای هەواڵگری هێزی دژە تێرۆر چاودێری جموجۆڵەکانی ئەبو نەبەئی کردووە کە هاوڵاتییەکی عێراقییەوە لە دەرەوەی عێراق دەژی، لە مانگی 10دا کە گەیشتۆتە بەغدا و لە دەرەوەی فڕۆکەخانە ویستویەتی تاکسییەک بگرێت، دەستگیرکراوە."
نوعمان دەڵێت ئەبو نەبەء ئامانجێکی گەورەیە و لە ساڵی 2003وە چۆتە ڕیزەکانی ئەلقاعیدەوە، بەر لەوەی لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکی تری تێرۆریستیدا کار بکات و دواتریش چۆتە ناو داعشەوە.
وتەبێژی هێزەکانی دژە تێرۆر لە عێراق دەڵێت ئەم داعشە دەستگیرکراوە لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ ئەندامانی تری داعشدا و زۆر دەمێکە چاودێری ئەو پەیوەندییە تەلەفونیانەی دەکرێت.
ئەبو نەبەء کاروباری دارایی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی داعشیشی بەڕێوە دەبرد و نامەی تایبەتی دەنارد و دیداری ڕێکدەخست و بە ڕێکخەری کاروبارەکانی داعش دانراوە.
دوای لێکۆڵینەوەکان ئەبو نەبەء دادگایی دەکرێت بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم. بەپێی ئەم یاسایە تەنها ئەگەر پەیوەندی هەبێت بە داعشەوە، سزای مردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.
سەباح نوعمان، ڕەتیکردەوە ناوی ڕاستەقینەی ئەو گیراوە ئاشکرا بکات و زانیاریشی نەدا لەوەی لە چ وڵاتێکەوە گەڕاوەتەوە بۆ عێراق.