Accessibility links

تورکیا ئەڵمانیا گوناهبار دەکات


تورکیا هێزی دەریایی ئەڵمانیا گوناهبار دەکات بەوەی پشکنینێکی نایاسایی کردووە لە کەشتییەکدا کە ئاڵای تورکیای هەڵکردووە.

پشکنینی ئەو کەشتییە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ گەمارۆی چەک لەسەر لیبیا.

نێوەندی ئایرین کە ئەرکی ڕاگرتنی گەیاندنی چەکە بۆ ئەو وڵاتە بە شەڕ وێرانبووەی باکوری ئافریکا، دەڵێت بە نەرمی داوا لە تورکیا کراوە تا ڕێگەبدات بە پشکنینی کەشتییەکە، بەڵام پاش ئەوەی تورکیا ڕەتی دەکردەوە ڕێگەبدات، ئەندامەکانی ئەم نێوەندە چوونەتە ناو کەشتییەکەوە و دەستیان کردووە بە ئەرکی خۆیان کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت کەشتی هامبۆرگ، درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە کەشتی ڕۆزلینی ڕاگرتووە بەبێ هیچ مۆڵەتدانێک چوونەتە ناو کەشتییەکە لە کەنارەکانی نیمچە دوڕگەی پیلۆپۆنیسس.

ئەو دیمەنە ڤیدیۆییانەی لەلایەن تاقمی کەشتیەوانەکانی تورکیاوە تۆمارکراون بەردەوام لە تەلەفزیۆنەکانی تورکیاوە نیشان دەدرێن کە کەشتیوانەکانی تورکیا لەگەڵ سەربازەکانی ئەڵمانیادا دەمەقاڵێیانە، سەربازەکانی ئەڵمانیاش لە هەلیکۆپتەرێکەوە دادەبەزنە ناو کەشتیەکە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت کەشتییەکە کۆمەک و یارمەتی پێبووە و دەڕۆیشت بەرە بەندەری میسراتە لە لیبیا.

فوئاد ئاکتای، جێگری سەرۆکی تورکیاش دەڵێت زۆر بە توندی ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر ئەو دەستێوەردانە نایاساییە.

بەڵام کاربەدەستانی ئەڵمانیایی و کاربەدەستانی نێوەندی ئایرین لە بەرلین دەڵێن "ئەو کاتەی سەربازەکان چوونە سەر کەشتییەکە ئەوجا تورکیا دەستی کرد بە ڕەتکردنەوە."

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت "هەموو شتێک بەپێی ڕێنوماییەکان کراوە."

XS
SM
MD
LG