Accessibility links

دەشێت حوسییەکانی یەمەن بخرێنە لیستی تێرۆریستانەوە


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دەڵێت "هەموو بژارەکانمان بە کراوەیی دەهێڵینەوە" کاتێک باس دێتە سەر حوسییەکانی یەمەن.

ئەم لێدوانەی ڕۆبێرت ئۆبراین هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی دەڵێن دەشێت بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ حوسییەکانی یەمەن بخاتە لیستی تێرۆریستانەوە.

بەڕێز ئۆبراین لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا بۆ پەیامنێران لە فلیپین، ڕەخنەی لە حوسییەکان گرت کە ئێران پشتیوانییان دەکات، بەوەی شکستیان هێناوە لە بەشداریکردن لە "پرۆسەی ئاشتی بڕوا و متمانەیەکی باش"

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکدا سەبارەت بە دانانی حوسییەکان بە تێرۆریست، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دەڵێت "واشنتۆن زۆر بە وردی چاودێری ڕەوشەکە دەکات و بەردەوام لە هەڵسەنگاندن و تاووتوێکردنی ئەگەر و نەگەری ئەوەداین کێ و چۆنیش ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان جیابکەینەوە."

بەڕێز ئۆبراین دەڵێت " هێشتا سەرۆک ترامپ 50 ڕۆژی ماوە وەک سەرۆکی ئەمریکا و ئەمەش بێگومان شتێکە لە کارنامەدایە و پێویستە چاوەڕوان بین بزانین چ بەرەنجامێکی دەبێت."

لە هەمان لێدوانیدا بۆ پەیامنێران، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دەڵێت "لە ئێستادا هانی حوسییەکان دەدەین تا ئێرانییەکان دەربکەن و هێرشەکانیان بۆ سەر دراوسێکانیان ڕابگرن و هێرشکردنە سەر خەڵکیش لە یەمەندا کۆتایی پێبهێنن و هەروەها بەشدار بن لە پرۆسەی ئاشتیدا لەگەڵ لایەنەکانی تری یەمەندا."

حوسییەکان لە یەمەن کۆنترۆڵی شاری سەنعای پایتەخت و بەشێکی زۆری ناوچەکانی باکوری وڵاتەکەیان کردووە لەپاش 5 ساڵ لە شەڕێکی وێرانکار کە خراپترین کارەساتی مرۆیی لێکەوتۆتەوە لە جیهاندا.

هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە، پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن دەکات و ئەمریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوایی پشتیوانی لەم ئەم هاوپەیمانێتییە دەکەن.

حوسییەکان کاردانەوەیەکی توڕە ئامێزیان هەبووە لەسەر ئەگەری دانانیان بە تێرۆریست و دەڵێن "ترامپ مافی نییە بڕیار بدات پاش ئەوەی هەڵبژاردنی دۆڕاند."

ڕێکخراوە مرۆییەکانیش نیگەرانییان هەیە سەبارەت بە ئاوەها بڕیارێک، وەک دەڵێن "دەشێت ببێتە مایەی ئیفلیجبوونی گەیاندنی یارمەتی و کۆمەکەکان و وڵاتەکەش بەرێت بەرەو برسێتی."

XS
SM
MD
LG