سەرۆکی سوریا وەزیرێکی نوێی دەرەوە دەستنیشان دەکات تا جێی وەلید ئەلموعەلیم وەزیری پێشووی دەرەوەی سوریا بگرێتەوە کە هەفتەی ڕابردوو مرد.
بەشار ئەلئەسەد، فەیسەڵ ئەلمیقداد، جێگری وەزیری پێشووی دەرەوە دەستنیشان دەکات تا ببێتە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی.
وەلید ئەلموعەلیم پاش زیاتر لە 10 ساڵ کارکردنی وەک وەزیری دەرەوە ڕۆژی 16ی ئەم مانگی یازدەیە لە تەمەنی 79 ساڵیدا مرد و هاوکاتی ڕاپەڕینی گەلانی سوریاش دژ بە ئەسەد، یەکێک بوو لە دیارترین ڕوخسارەکانی ڕژێمەکەی ئەسەد لەبەردەم کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا.
هاوشێوەی ئەلموعەلیم، فەیسەڵ ئەلمیقداد، بە دیپلۆماسییەکی نزیک لە سەرۆکی سوریا دادەنرێت و ڕەخنەگرێکی زۆر توندیشە لەو ئۆپزسیۆنەی 10 ساڵە لە ململانێدایە لەگەڵ حکومەتی سوریادا.
بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سوریاوە سەدان هەزار کوژراو و بریندار هەن و بە ملیۆنان کەسیش ئاوارەی دەرەوە و ناو سوریا بوون.
لەوەتای ساڵی 2006ەوە کە پۆستی جێگری وەزیری دەرەوەی وەرگرتووە، ئەلمیقداد، لە زۆر کۆبوونەوەی بیانیدا نوێنەرایەتی سوریای کردووە.
بەپێی بڕیارەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەی بەشار ئەلئەسەد، بەشار ئەلجەعفەری، نوێنەری سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوەتە جێگری وەزیری دەرەوە و بەسام ئەلسەباغ، بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی دەرەوە دەبێتە نوێنەری سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا.