Accessibility links

ئاماری نوێی هێرشە موشەکییەکانی کابوڵ


دەیان کەس بەلانیکەم کوژراون و 51 کەسیش بریندارن بەپێی زانیاری و ئامارە نوێیەکان لەسەر ئەو هێرشەی ڕۆژی شەممە لە کابوڵ، پایتەختی ئەفغانستان کرا.

جێگری سەرۆکی ئەفغانستان ئەمڕۆ یەکشەممە ئەو ئامارە نوێیانەی بڵاوکردۆتەوە و پەیمانیشی داوە هێرشبەران بدۆزرێنەوە و لێپێچینەوەشیان لەگەڵدا بکرێت.

ئەمروڵا ساڵح، لە ئەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک نوسیویە "ئەو تۆڕانە دەدۆزینەوە کە یارمەتی گواستنەوەی موشەکەکانیان داوە لەو هێرشەدا."

ڕێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی، بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە موشەکیەی ڕۆژژی شەممەی کابوڵ ڕاگەیاندووە و دەڵێت "چەکدارەکانی دەوڵەتی خەلافەت بە موشەکی کاتیوشا هێرشیان کردۆتە سەر زۆنی سەوز لە کابوڵ."

لەو هێرشەدا بەلانیکەم 23 موشەک گیراونەتە ژمارەیەک شوێن لە ناوەڕاست و باکور و هەروەهاش زۆنی سەوز لەناو پایتەختی ئەفغانستاندا، کە باڵیۆزخانەکان و ئۆفیسی کۆمپانیا نێونەتەوەییەکانی لێن.

لەم هێرشەشدا، هاوشێوەی ئەوانی پێشوو، خەڵکی سیڤیل زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و موشەکەکان لەو ناوچانەدا داویانە بە زەویدا و تەقیونەتەوە کە ڕێژەیەکی زۆری دانیشتوانی لێن. نەخۆشخانەیەکیش کرابووە ئامانج لەو هێرشانەدا.

پێشتر لە ئاکامی 2 هێرشی تر لە کابوڵ، دامەزراوە پەروەردەییەکان کرابوونە ئامانج و بەلانیکەم 50 کوژراو هەبوون.

کاربەدەستانی حکومەتی ئەفغانستان، بەردەوام تاڵیبان و هاوپەیمانەکانی تاڵیبان بە بەرپرسیار لەو هێرشانە دادەنێن، دوای هێرشەکەی ڕۆژی شەممەش هەڵوێستیان بە هەمان شێوەی پێشوو بووە.

تاریق عوریان، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان دەڵێت " تاڵیبان لە شەش مانگی ڕابردوودا 53 هێرشی خۆکوژی کردووە و هەروەها 1250 تەقینەوەش کە بوونەتە مایەی کوژرانی 1210 کەس و برینداربوونی 2500 کەس و هەر هەمووشیان خەڵکی سیڤیلن."

ئەم هێرشانەی ڕۆژی شەممە تەنها چەند کاتژمێرێک بەر لە کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و دانوستاندکارانی حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان بوو لە دۆحە، پایتەختی قەتەر.

ئاماژەکان وەها نیشاندەدەن بەرەوپێشچوون لەو وتووێژانەدا لە ئارادان.

مایک پەمپێیۆ هەوڵی خێراتر کردنی دانوستاندنەکان دەدات لەگەڵ کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان.

XS
SM
MD
LG