Accessibility links

14 میلیشیای سەر بە ئێران لە سوریا دەکوژرێن


14 چەکداری سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران کە زۆربەیان هاوڵاتی عێراقین لە ئاکامی چەند هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانیان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کوژراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕوانگەی سوریایی بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، ئاماژە بەوە کراوە "دەشێت فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئەو هێرشەی درەنگانێکی ڕۆژی شەممەیان کردبێت."

وتەبێژی لەشکری ئیسرائیلیش تەنها ئەوەندەی وتووە "هیچ تێبینییەک نادرێت لەسەر ڕاپۆرتەکانی دەزگایەکی میدیایی بیانی."

ڕوانگە کە بنکەی لە لەندەنە دەڵێت فڕۆکە جەنگییەکان زیاتر لە 10 جار پێگەی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیان لە ناوچەی ئەلبو کەمال بۆردومان کردووە، ئەم ناوچەیە دەکەوێتە هەرێمی دیرولزوری هاوسنوری عێراق.
ڕوانگەی سوریایی بۆ چاودێریکرنی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "لە ئاکامی ئەو هێرشانە بەلانیکەم 8 کەسی عێراقی و 6 کەسی ئەفغانستانی کوژراون و هێرشە ئاسمانییەکانیش دوو بنکەی ئەو لایەنانەی خاپور کردووە و ژمارەیەک ئامێر و کەرەستە و کولوپەلی سەربازیشیان تێکشکاندووە."

ناوچەکانی نێوان هەردوو شاری ئەلبو کەمال و مەیادین لە هەرێمی دیرولزور لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە لەڕێی ئەو دەستە و تاقمانەی سەر بە ئێرانن و شان بە شانی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا شەڕ دەکەن.

ئەمەش یەکەمین جار نییە ناوچەکانی دیرولزور بکرێنە ئامانجی ئەو هێرشە ئاسمانیانە کە زۆربەی جار ئاماژە بە ئیسرائیل دەکرێت بۆ ئەنجامدانیان، بەڵام پشتڕاستکردنەی ئاسان نییە، چونکە میدیا فەرمییەکانی سوریا باسی ناکەن و هەروەهاش ئیسرائیل ڕێگە بە باسکردنیان نادات.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، ئیسرائیل هیڕسە ئاسمانییەکانی لە سوریادا چڕ کردوونەتەوە و بە گشتیش پێگەکانی لەشکری سوریا و هەروەها پێگەکانی ئێران و حزبوڵای لوبنان لە سوریادا بۆردومان دەکات.

زۆر بە دەگمەن ئیسرائیل ئەو هێرشانە پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام بەردەوام دەڵێت "بەرەنگاری هەموو ئەو هەوڵانەی ئێران دەبێتەوە کە بۆ بەهێزکردنی پێگەی تاران دەیدات لە سوریادا."

لە ساڵی 2011ەوە سوریا لە قەیرانێکی خوێناویدایە و تا ئێستا بەلانیکەم 380 هەزار کەس کوژراون و زیانێکی زۆر گەورەش لە ژێرخانی وڵاتەکە کەوتووە و بە ملیۆنان کەسیش ئاوارەی دەرەوە و ناوەوەی وڵاتەکە بوون.

XS
SM
MD
LG