Accessibility links

پاسداران جارێکی تر هەڕەشە دەکاتەوە


سەرکردەی هێزەکانی پاسدارانی ئێران دەڵێت وڵاتەکەی تەنها لە سنورێکی دیاریکراوی جوگرافیدا داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی خۆی ناکات.

لێدوانەکانی ئەمڕۆ پێنجشەممەی حوسەین سەلامی بۆ ماڵپەڕی سوپا نیوز کە سەر بە پاسدارانە، دوابەدوای ڕاپۆرتێکی ڕۆژی دووشەممەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزە و نوسیویە "سەرۆک ترامپ ڕای هەندێک لە گەورە کاربەدەستانی وەرگرتووە سەبارەت بە لێدانی دامەزراوەیەکی ناوکی ئێران لە چەند هەفتەی ئایندەدا."

نیویۆرک تایمز ئەوەیشی نوسیوە کە کاربەدەستان قەناعەتیان بە سەرۆک ترامپ کردووە تا گورزێکی سەربازی لە ئێران نەوەشێنێت لەبەر مەترسی کەوتنەوەی شەڕێکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا لە ئاکامی ئەو هەنگاوە.

حوسەین سەلامی دەڵێت "کەنداو ناوچەیەکی ستراتیژییە بۆ ئابوری جیهان و کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆڵێکی دەگمەنی کاریگەر دەبینێت لە ڕووی ئاسایشییەوە لەم سنورە ئاویە یەکلاکەرەوەیەی ئابوری جیهاندا."

سەرکردەی پاسداران دەڵێت "هەر کەسێک بیەوێت بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران بخاتە بەر هەڕەشە و مەترسییەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە شوێنێکی پارێزراو بۆ خۆی نادۆزێتەوە لەسەر ئەم گۆی زەوییە."

حوسەین سەلامی دەشڵێت ستراتیژییەتی ئێران بەرگری کردنە وەک دەڵێت "هەرگیز ئێران نابێتە دەستپێشخەر بۆ هەڕەشە و مەترسی لەسەر هیچ وڵاتێک بەڵام هێرشی تاکتیکی بەشێکی ستراتیژیەتی بەرگری لەخۆ کردنمانە."

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ کۆماری ئیسلامی ئێران بە گەورەترین وڵاتی جیهان بۆ پشتیوانکردنی تێرۆریزم ناودێر دەکات و لە ساڵی 2018دا تاکلایەنە لە ڕێککەوتنی ناوکی ئێران کشایەوە و لەو کاتەوەش سزای قورسی سەپاندۆتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران وەک بەشێک لە سیاسەتی سەپاندنی بەرزترین ئاستی فشار تا ڕژێمی ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن و هەروەهاش تا ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەفتارەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت.

XS
SM
MD
LG