Accessibility links

3 چالاکوانی ئێرانی سزای قورس دەدرێن


دادگایەک لە کۆماری ئیسلامی ئێران سزای 3 چالاکوانی داوە بە زیندانیکردنی درێژخایەن.
بڕیارەکانی دادگا پاش چوار ساڵە لە دەستگیرکردنی ئەو چالاکوانانە بەهۆی ئاهەنگ گێڕانیان لە گردبوونەوەیەکی گشتیدا بەبۆنەی ڕۆژی لەدایک بوونی یەکێک لە فەرمانڕەوا دێرینەکانەوە کە مایەی ڕەخنە و ناڕەزایی فەرمانڕەوایانی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران بووە، وەک سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم دۆسێیە ڕایگەیاندووە.

لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی فارسی دەنگی ئەمریکادا ڕۆژی 12ی مانگی یازدە،ئەو سەرچاوەیە دەڵێت دادگای شۆڕش لە شاری مەشهەد، ڕۆژی 28 ی مانگی 10، پاش ئەوەی تەنها 10 ڕۆژ بوو دۆسێکەیان برابووە دادگا، وەک سەرچاوەکە دەڵێت "دادگای شۆڕش لە شاری مەشهەد، بڕیاری زیندانیکردنی داوە بەسەر عەلی سیپانتمەهر و موحسن میرافتاب و مەجید ڕەحیمزادە."

سەرچاوەکە دەڵێت، ئەو 3 چالاکوانە بە ژمارەیەک تاوانی پێشێلکردنی ئاسایشی گوناهبارکراون لەوانە وەک دەگوترێت بەڕێوەبردنی کەناڵێکی تێلەگرام بە مەبەستی تێکدانی "ئاسایشی وڵات" ، ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی نایاسایی ئۆپزسیۆن، بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت، هەروەهاش سوکایەتی کردن بە ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئەو دادگایەی مەشهەد، سزای 18 ساڵ زیندانیکردنی سەپاندۆتە سەر عەلی سیپانتمەهر، وە سزای 21 ساڵ زیندانیکردنی بۆ مەجید ڕەحیمزادە بڕیوەتەوە و هەروەها 17 ساڵیش زیندانیکردن بۆ موحسن میرافتاب.

دەنگی ئەمریکا نەیتوانیوە وردەکاری گوناهبارکردنی ئەو 3 چالاکوانە پشتڕاست بکاتەوە چونکە ڕێگەنادرێت دەنگی ئەمریکا لەناو ئێراندا ڕووماڵی هەواڵەکان بکات.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کاربەدەستانی ئێرانی هیچ تێبینی و سەرنجێکیان لە میدیاکانی ئێراندا نەداوە سەبارەت بە دۆسێی ئەم 3 چالاکوانە ئێرانییە.

دەسەڵاتدارانی ئێرانی ڕۆژی 31ی مانگی 10 ی ساڵی 2016 ئەو چالاکوانانەیان لە شاری مرودشت دەستگیر کرد، سێ ڕۆژ پاش بەشداریکردنیان لە ئاهەنگی ڕۆژی لەدایکبوونی "کوروش" کە بە هەزاران کەس بەشدارییان تیادا کردووە و لەو بۆنەیەدا دروشمی دژە حکومەتی ئێران دەگوترایەوە و هەروەهاش دژی خراپی بەڕێوەبردن. بەشداربووانی ئەو بۆنەیە ناڕەزایی خۆیشیان دەردەبڕی دژ بە گەندەڵی کاربەدەستانی ئێران.

دواتر لە ناوەڕاستی مانگی یازدەی هەمان ساڵدا بە بارمتەی دارایی 7000 دۆلار ئازادکران و هەرسێکیان گەڕانەوە بۆ شاری مەشهەد.

لە ئێستادا ئەو 3 چالاکوانە ئێرانییە نەنێردراون بۆ زیندان، چاوەڕوان دەکرێت دادگای پێداچوونەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسێکانیان بدات.

XS
SM
MD
LG